دیرۆکی خۆڕاگری

ڕەحیم مەحموودی
ساڵی ١٣٥٢ لە ئاوایی سێلەکە سەر بەشاری مەهاباد لەدایک بووم. سەرەتای منداڵی و خۆێندنم هاوکات بوو لەگەڵ شۆرشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی و ئەم فەزایەی تێیدا دەژیام، فەزای شۆرش و پێشمەرگە و کوردایەتی بوو. ئه‌من ئه‌و شانسه‌م هەبوو له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی ئەوکاتی کوردستاندا خوێندن به کوردی و، به‌‌ زمانی زگماکیی خۆم ده‌ست پێ بکه‌م. هه‌ر ئه‌وکات مامۆستایانی شۆڕش به‌‌ سروودی «ئەی ڕەقیب» و «خوایە وەتەن ئاواکەی» و هۆنراوەی شۆڕشگێڕیی دیکه‌ وانه‌کانی ژیانیان فێر ده‌کردین مه‌خابن که‌ ئه‌م ده‌ورانه‌ زێڕینه‌ زۆری نه‌خایاند و پاسدارانی تاریکی هەڵیان کوتایە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و مامۆستا و قوتابی و بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوانی کوردستانیان خه‌ڵتانی خۆێن کرد و به‌ندیخانه‌کانیان له‌ هه‌زاران که‌س له‌ ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نیشتمانه‌ ئاخنی.
زۆربەی گوندنشینانی ئەو سەردەمی کوردستان بەشێوەی دووبنەیی لەشار و گوند دەژیان. ئه‌منیش له‌گەڵ بەشێک لەئەندامانی بنەماڵەم ڕووم کردە شاری مەهاباد و بەدرنگەوە خۆێندنی سەرەتاییم دەست پێ کرد، به‌ڵام بەهۆی ئه‌وه‌ی بنه‌یه‌کمان لە دێ بوو و پشووی هاوینە ده‌چوومه‌وه‌، هیچ کات لە حیزب و پێشمەرگە دانەبڕام. له‌و کاتدا لەنیزیکەوە چاوم لە کار و چالاکیان بوو. ساڵی ١٣٦٨ بەدوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوودا چه‌ند کەس لە هاوڕێیانم لە نێوشار ئیتلاعات گرتنی، به‌ڵام ئه‌من وه‌به‌ر نه‌هاتم. ساڵی ١٣٧٠ بوومە ئاڵقەی پێوەندیی ئەم هاوڕێیانە و چەند کەس لە هاوپۆلەکانم. ئێمه‌ لە گەڕەک و ئیدارە و قوتابخانەکانی شاردا بەبۆنەی جۆراجۆر چالاکیی ته‌بلیغیمان کرد و ڕێکخستنه‌کانمان زۆر باش پەل و پۆیان هاویشتبوو، به‌ڵام بێ ئیحتیاتی و که‌م ئه‌زموونمان له‌ بەربڵاوکردنی شانەکان ئاشکرای کردین. ئه‌وه‌ بوو زستانی ١٣٧٢ لە جەریانی کاروچالاکیدا بەداخەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد گرتیانین.
به‌ندیخانه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ و ئه‌و سووکایه‌تییانه‌ی له‌ زیندان به‌ ئێمه‌ ده‌کرا، پتر ئه‌منی له‌ خه‌بات و تێکۆشان به‌ دژی ئه‌م ڕێژیمه‌ شێلگیرتر ده‌کرد و ئیمان به‌ ڕه‌وایی خه‌بات و ئامانجه‌کانم به‌هێزتر ده‌بوون. خه‌ڵکێکی زۆر له‌ شاره‌کانی مه‌هاباد، بۆکان و سه‌رده‌شت گیرابوون و سللوله‌ ئینفڕادییه‌کان، ساڵۆن و ته‌نانه‌ت حه‌وشه‌ و ماتۆڕخانه‌شیان له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی ئاخنیبوو. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ ئێمه‌ وانه‌ی فێربوون، خاران و خۆڕاگری بوو.
دیاره‌ لەسەر ئەشکەنجە و بێڕەحمییەکانی کاربەدەستانی ئیتلاعات زۆر گوتراوە و نووسراوە، بۆ منیش ڕاگیرانم له‌ ئیتلاعات بریتی بوو له‌: بازجوویی به‌رده‌وام له‌ شەو و نیوەشەو و وەخت و بێوەخت، که‌ هیچ پرسیار و لێکۆڵینەوەکیش بێ لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ نه‌بوو. له‌ زیندانی ئیتلاعاتدا گیراوه‌کان هیچ چەشنە مافێکیان نییه‌، نه‌ ده‌نگیان به‌ که‌س ڕاده‌گا، نه‌ خواردنی پێویستیان ده‌ده‌رێتێ، نه‌ حەمام و هەواخۆری و نه‌ ملاقات؛ به‌ڵام لێدان، ئه‌شکه‌نجه‌، سووکایه‌تی به‌ خۆت و بنه‌ماڵه‌ و بیروباوه‌ڕت به‌پێی فیلان بوو…
زیاتر لە سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا بووم. نیزیکەی سەد جەلەسە بازجوویی کرابووم و هێشتا پێیان وابوو که‌مه‌ و پەروەندەکەم که‌میی هه‌یه‌. وابوو پوشپەری ١٣٧٣ دوای زیاتر لە سێ مانگ وێڕای هاوڕێیانم و چەندکەسێکی سیاسیی دیکه‌ بە دەست و پێ بەستراوی بردیانین بۆ دادسەرای ئینقلابی ورمێ بۆ لای جلیل زادە، حاکمی شەرع. ئەویش بەجێگای ئەوەی لە نێوان ئێمە و ئیتلاعاتدا قەزاوەتێکی عادیڵانە بکا، هه‌تا توانیی جنێو و قسەی سووکی پێ گوتین و به‌ «محارب» و «مفسدفی‌الارض» ناوی بردین. به‌و شەش کەسه‌ سزای زیاتر لە پەنجا ساڵ زیندان و ئیعدامێکیان به‌سه‌ردا سه‌پاندنین و تازه‌ کۆڵێکیش قه‌رزداری کردین که‌ گوایه‌ هێشتا به‌ر ڕەحم و بەزەیی ئیسلام که‌وتووین!
ئەمن سزای ٩ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ورمێم به‌سه‌ردا سه‌پابوو و بێ ئه‌وه‌ی مافی ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین و پێداچوونه‌وه‌مان هه‌بێ، به‌ڕێی زیندانی ورمێ (دەریا) کراین. هه‌ر مانه‌وه‌ له‌‌ زیندانی ورمێش بوو که‌ ئه‌منی هینده‌ی دیکه‌ له‌سه‌ر‌ باوه‌ڕه‌کانم سوورتر کرد. ئه‌من که‌ پێشتر لە بازنەیەکی بچووکدا کاری تەشکیلاتی و سیاسیم کردبوو، له‌ زینداندا گەورەیی و بەرفراوانیی تەشکیلاتی حیزبم پتر بۆ دەرکەوت. بەندی سیاسی کە زۆربەی بەندکراوانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بوون، له‌ هه‌موو جۆراوجۆرییه‌کانی کوردستانی تێدا بوو. زازایی، بادینی،گۆران، سۆران؛ پیر و لاو، کارمه‌ند و مامۆستا و شێخ و مه‌لا و گوندی و شاری فره‌چه‌شنییه‌ک بوو که‌ پێی ده‌گوتی حیزبی دێموکرات چ ڕیشه‌یه‌کی له‌ نێو دڵی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌یه‌.
ئەو زیندانەی کە ڕێژیم بۆ تەمبێکردن و ترساندن و تۆقاندنی نەیارانی خۆی دروستی کردووە، ئاکامه‌که‌ی پێچه‌وانه‌ بوو. له‌و زیندانه‌دا که‌م که‌س هه‌بوو هه‌ست به‌ په‌شیمانی بکا و واز له‌ باوه‌ڕه‌کانی بێنێ، به‌ڵکوو نیزیک به‌ هه‌موویان خۆڕاگرتر و به‌باوه‌ڕتر ده‌بوون و ئه‌منیش یه‌ک له‌وان بووم که‌ هه‌م له‌ زیندان و هه‌م له‌ به‌ندکراوه‌ به‌ ئیمانه‌کان زۆر فێر بووم.
لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا کە لە بەنددا بووم بەداخەوە، زیاتر لە ٤٠ کەس لە هاوڕێیان و هاوسه‌نگه‌رانم به‌به‌رچاوی خۆم چوونه‌ پای سێداره‌ و له‌دار دران، زۆر له‌ هاوبه‌ندییه‌کانم دوای ئازادبوون له‌ زیندان دیسانه‌که‌ش به‌ کرده‌وه‌ هاتنه‌وه‌ مه‌یدانی خه‌بات و ئه‌وانی دیکه‌ش خۆڕاگر و به‌ ئیمان مانه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ خۆڕا نه‌بوو، چونکی ئه‌م وانه‌گه‌له‌ له‌ هاونشینی و هاوبه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سانێکی وه‌ک «عوسمان مستەفاپوور» و «محه‌ممەد نەزەری»یه‌کاندا فێری ده‌بی و ئه‌منیش گه‌لێ بیره‌وه‌ریم له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو سیمبوله‌ هه‌یه‌ که‌ ناوم بردوون و ئێستاش هه‌ر له‌ زیندان دان.
لە کۆتایی پاییزی ١٣٧٨ دا و دوای ئه‌وه‌ی ئەمن دوو له‌سه‌ر سێی حوکمه‌که‌م کێشا له‌ زیندان ئازاد بووم و پاش چه‌ند مانگ و لە بەهاری ١٣٧٩دا هاتمه‌وه‌ ڕیزی ئاشکرای حیزبه‌که‌م و بووم بە پێشمەرگە…
ئه‌وه‌ی دواقسه‌ ده‌مه‌وێ باسی بکه‌م ڕێزگرتنه‌ له‌م دایک و ژنانه‌ی ڕۆڵه،‌ یان هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ونه‌ به‌ندیخانه‌وه‌ و وێڕای به‌رگه‌گرتن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ژانه‌دا، ئه‌رکی زێده‌ی ڕاگرتنی ماڵ و حاڵ و به‌خێوکردن و پێگه‌یاندنی منداڵه‌کانیشیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام کۆڵ ناده‌ن و چیرۆکه‌کانی حه‌ماسه‌ و ئازایه‌تی و له‌خۆبوردوویی ده‌نووسنه‌وه‌. دایکی منیش یەکیک لە شێرە ژنانە بوو کە لە هەموو ساڵانی زیندان و پێشمەرگایەتیدا هەتا دواهەناسەی پشت و پەنام بوو و سەرەڕای ئه‌و هه‌مووه‌ چەرمەسەرییه‌ بۆ تاقه‌جارێکیش لۆمەی نەکردم…
لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)