دیرۆکی خۆڕاگری

حەسەن مەحموودی

ساڵی ۱۳۵۴ی هه‌تاوی له‌ گونده‌ خۆشه‌که‌ی په‌سوێی پیرانشار له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی مامناوه‌ندی له‌ دایک بووم. قۆناغه‌کانی سەرەتایی خوێندنم هه‌ر له‌و گونده‌ بڕی و دواتر به‌ هۆکاری جۆراجۆر نه‌متوانی درێژە به‌ خوێندن بده‌م. هۆگریی من به‌ حیزبی دێموکرات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵه‌کانی ۶۷ و ۶۸ به‌ تایبه‌ت ئه‌و ساڵه‌ی که‌ ڕێبه‌ری مه‌زنمان دوکتور قاسملوو تێرۆر کرا. به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی گونده‌که‌ی ئێمه‌ش وکوو زۆربەی ناوچەکانی دیکه‌ی کوردستان پێشمه‌رگه ڕووی تێدەکرد،‌ هه‌موو کات که‌ چاوم به‌ پێشمه‌رگه‌کان ده‌که‌وت زیاتر و زیاتر هۆگری کوردایه‌تی ده‌بووم تا ساڵی ۱۳۷۲ که‌ هاتمە ڕیزه‌کانی حیزبی دیموکرات و وه‌ک پێشمه‌رگه‌ وه‌رگیرام.

ساڵی ۱۳۷۷هه‌تاوی له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی پێشمەرگە بۆ مەئمورییەتێک چووینه‌وه‌ نێوخۆی وڵات. دوای ۳۵ ڕۆژ گه‌ڕان و جه‌وله‌ لێدان له‌ ناوچه‌‌ و له‌ ئاوایی کانی بداغ ڕوومان کرده‌ ماڵێک بۆ حه‌سانه‌وه‌ و بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی خاوەن ماڵ دەستی لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەتییەکان تێکەڵ کردووە. وابوو جاش و خۆفڕوشه‌کانی هێنایه‌ سه‌رمان و دوای شه‌ڕوپێکدادنی زۆر، به‌داخێکی گرانه‌وه‌ دوو هاوڕێکه‌م شه‌هید بوون و ئەمنیش به‌ برینداری که‌وتمه‌ بەرده‌ستی هێزەکانی ڕێژیم. له‌ کاتی گیرانمدا سەرەڕای برینداربوونم هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک درام و دوای ئەوەی بەڕێیان کردمە نه‌خۆشخانه‌ی عارفیان له‌ ورمێ، لەوێش ماوه‌ی ۱۵ ڕۆژ بە برینداری لێکۆڵینەوەم لێ دەکرا. لە نه‌خۆشخانه کە دەریان هێنام‌ ڕه‌وانه‌ی ئیتلاعاتی ورمێ کرام و بۆ ماوه‌ی چەند ڕۆژ هه‌رچی ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ بوو له‌ سه‌ر من تاقی کرایه‌وه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ ئاسه‌واری له‌ سه‌ر جەسته‌م دیاره. دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ بردیانم بۆ زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ و بۆ ماوه‌ی حەوتوویەک له‌ بێهداریی زیندان به‌سته‌ری کراومه‌وه‌ و دواجار بەڕێی به‌ندی ۱۲ی زیندان کرام که‌ به‌ندی سیاسییه‌کان بوو.

ئەو‌کات منیان ناردە ئەوێ به‌ندی ۱۲ وه‌زعێکی ناله‌بار و ناخۆشیان بۆ به‌ندییە سیاسییەکان دروست کردبوو. که‌س مافی نه‌بوو له‌گه‌ڵ که‌س قسه‌ بکا و گەڕان و پیاسەی دووکه‌سی و چەند کەسی قه‌ده‌غه‌ کرابوو و ئه‌و که‌سانه‌ی لەوە لایاندا با بەڕێی قه‌ره‌نتینه‌یان ده‌کران. ماوه‌ی ۶ مانگ بێ ئەوەی چارەنووسم ڕوون بێ، لەوێ بووم و لەو ماوەیەدا بەردەوام بە کەلەپچەکراوی و بە بڕانکارد دەیانبردمەوە دادگا له‌ به‌رده‌می قازییان داده‌نام. سەرباری ئەوەی زۆر بریندار و زامار بووم، مافی هیچ چەشنە بەرگرییەکیشم نەبوو. ئه‌و دادگایه‌ی که‌ من لێی‌ حوکم درام دادگای ئینقلابی ورم،ێ لقی ۲ بوو‌ کە لقی حاجی حه‌ساریان پێ ده‌گوت و‌‌ له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا سزای ئێدامم بەسەردا سەپا. ۶ مانگی خایاند تا حوکمه‌که‌یان پێ ڕاگەیاندم. ئەم ڕۆژەم باش لە بیرە کە پاش ئەوەی حوکمەکەیان پێ ڕاگەیاندم چوومه‌وه‌ نێو هابه‌ندییه‌کانم. ئەوان ده‌هاتن و لێیان ده‌پرسیم که‌ چه‌ند ساڵیان حوکم داوی؟ منیش زۆر ئاسایی ده‌مگوت: «ئیعدام.» خەم بە ڕوخساری هەموویانەوە دیار دەکەوت و له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ دوعایه‌کیان ده‌کرد و دڵخۆشییان ده‌دامه‌وه. زۆر کەسیان بەبەرچاوی خۆم بردە بن پەتی سێدارە کە ‌ئه‌نوه‌ر جه‌وانرودی یەک لەوان بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا کاتی شکانی حوکمه‌که‌م که‌ ۷ساڵی خایاند، هەموو ڕۆژێ و پێش بانگی به‌یانی ئەمن هه‌ڵ ده‌ستام و جلو‌به‌رگی خاوێنم له‌به‌رده‌کرد که‌ ئه‌گه‌ر بمبه‌ن بۆ ئێعدام سه‌رم لێ نه‌شێوێ و بتوانم به‌وه‌ره‌یه‌کی بەرزەوە به‌ره‌و په‌تی سێداره‌ بچم.

لێره‌دا جێی‌خۆیه‌تی که‌مێکیش باسی قاره‌مانێتیی شه‌هید ئه‌نوه‌ر بکه‌م. ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ بردیان ئیعدامی بکه‌ن هه‌ر که‌ له‌ خه‌ویان هەستاند، شه‌هید ئه‌نوه‌ر شانه‌یه‌کی به‌سه‌ریدا هێنا و که‌مێکی عه‌تر به‌خۆیدا کرد و جلێکی جوانی له‌به‌ر کرد و دوایه‌ش هێندێک وه‌رده ‌پووڵ که‌ پێشتر هه‌ڵی گرتبوو به‌سه‌ر یه‌کێک له‌ هاوبه‌ندییه‌کان به‌ نێوی یاشار فازل که‌ به‌ ئه‌سڵ عێراقی بوو هه‌ڵاویشت که‌ به‌داخه‌وه‌ ناوبراو سیخۆڕیی بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعات ده‌کرد.

شەهید ئەنوەر دواتر له‌ ته‌خته‌که‌ی هاته‌ خوارێ و ئێمەی کە هەموو هەستابووین ماچ کرد و قسه‌ی بۆ کردین. ئەو لە دواساتەکانی پێش مەرگیدا بە شانازییەوە باسی لە پێشمەرگایەتی و ئامانجە بەرزەکانی خەباتی کورد کرد.

ڕه‌مه‌زانی ساڵی ۱۳۸۳ هه‌تاوی له‌سه‌ر ته‌خته‌که‌م ڕاکشابووم که‌ وه‌تاقی فه‌رمان ناوی چه‌ند که‌سێکی خوێنده‌وه‌ تا بێنه‌ قوفلی یه‌ک کە یه‌ک له‌وان من بووم. لەوێ پێیان ڕاگەیاندن کە حوکمه‌که‌ت شکاوه‌ و بۆته‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی. نازانم بڵێم هەستێکی خۆش یان ناخۆش. وابوو تا ساڵی ۱۳۸۶ هه‌ر له‌ زیندانی ورمێ مامه‌وه‌ و  دواتر به‌ زه‌حمه‌ت و ماندوو بوونێکی زۆری بنه‌ماڵه‌که‌م بۆ زیندانی نه‌غه‌ده‌ گواسترامەوە.

لە زیندانی نه‌غه‌ده‌ داوای کارم کرد و بردیانم بۆ نانه‌واخانه‌ی زیندان. ماوه‌ی ساڵیک ده‌بوو ‌ له‌ زیندانی نه‌غه‌ده‌ بووم. لەو ماوەیەدا و پێشتریش لە زیندانی ورمێ دەستمان بە پێوەندی و کاری ڕێکخستن لەگەڵ حیزب کردبۆوە. وابوو دوای ۱۱ ساڵ مانەوە لە زیندان بە هەوڵ و بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەم چەند ڕۆژێکیان مه‌ره‌خسی دامێ و هەر ئەوەش بوو کە توانیم لە یەکێک لەو دەرفەتانە کەلک وەربگرم و لە زیندان ڕا بکەم و بێمه‌وه‌ نێو ڕیزی هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان.

زیندان بۆ من قۆناغێک بوو لە قۆناغەکانی پەروەردەبوون و سووربوون لەسەر ڕەوایی بیروباوەڕ و ئامانجەکانم. ئامانجێکی ڕەوا کە ئێمە هەموومان ئامادەین تا سەر لەگەڵی بڕۆین و هەموو شتێکی لە پێناودا بۆ دابنێین.