مافی زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا و پێوەره جیهانییەکان

عومەر باڵەکی

پێش ئەوە باس لە مافی زیندانی بکەین وا باشە بزانین کە مەبەست لە سزای بەندکران چییە و زیندان بە مانای چییه‌؟ زیندان ئەو شوێنەیە کە کەسی تاوانبار بە حوکمی دادگا لە ئازادیی ژیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و یا هەتا مردن بێبەش دەبێ و یەکێک لە ئامانجەکانی سزادان بە زیندانیکردن ئەوەیە کە بۆ زیندانیی تاوانکار ببێتە هۆکارێک بۆ چاکسازی و بە شێوەیەک کە بەندکراو دوای ئازادبوونی لە زیندان بتوانێ وەک کەسێکی ئاسایی بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە و بۆ ژیانێکی نوێ، بەڵام نیزامی دادی کۆماری ئیسلامی جۆرێکی ترە. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی و قانوونەکانیدا نەک تاوان و تاوانکاری کەمی نەکردووە بەڵکوو ڕادەی زیندانی و زیندانەکان بە شێوەیەک پەرەی ئەستاندووە کە ئێران بە پانتایی جوغڕافیای خۆی بۆتە زیندان، کە هەر ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی وا دانەڕێژراون کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگه‌ بپارێزن بەڵکوو وا نووسراون کە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی سیستم بن. چونکە ئەگەر چاو بە ئاماری زیندانییان لە ئێراندا بخشێنین دەبینین کە سیستمی زیندانەکانی ئێران و نیزامی دادوەریی ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بپێکێ کە زیندانی لە دوای ئازادبوونی لە تاوان و تاوانکاری دوور ڕابگرێ؛ بەڵکوو پێچەوانە بۆتەوە و بەهۆی بێجێگه‌یی و نەبوونی ئیمکاناتی ئامووزشی دەبینی زیندانی لە زیندان دەبێتە هاونشینی کەسانی تاوانکاری حیرفەیی و دوای ئازادبوون له‌ جیاتی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی دەکەوێتە داوی دەستە و تاقمی تاوانکاری گەورە کە هەم خۆی لە دەست دەچێ وهەم ئەو کارە دەبێتە هۆی هەڵوەشان یا زەبرلێدان لە بنەماڵەکەی خۆی. لە هەمان حاڵدا شێوە ڕەفتاری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بۆتە هۆکارێک کە هەزینە ئینسانی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکی بەرینتردا تێچووی گەورەی سیاسی بخاتە سەر شانی کۆمەڵگه‌ی ئێران و لە ئاکامدا تەنیا ئەوە زیندانی نییە کە زیانمەند دەبێ، بەڵکوو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگه‌ش ئەو زیانەی پێ دەگا.

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە بە تەنیا سزای زیندان و یا هەر سزایەکی دیکە ناتوانێ لە سەردەمی ئێستادا ببێتە هۆی کەمکردنەوەی تاوان. لە ڕوانگەی زانایانی بواری قانوونی ئەوەی دەتوانێ ببێتە هۆی کەمکردنەوەی تاوان ئەوەیە کە دەوڵەت بتوانێ بەستێنی ژیانێکی سەردەمیانە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگه‌ پێکبێنێ و هەوڵ بدا بە داڕشتنی بەرنامەی تۆکمەی ئابووری، مەودای نێوان چینەکانی کۆمەڵگه‌ کەم بکاتەوە و فەزایەک بخوڵقێنێ که‌ تاک لە نێو کۆمەڵگه‌ و بنەماڵەی خۆیدا هەست بە ئازادی و سەربەستی بکا و لە هەمان کاتدا خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە بەرامبەر بنەماڵە و ئەو کۆمەڵگه‌یە کە تێیدا دەژی و ئەو جۆرە فەزایە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا لەمێژ ساڵە بۆ تاک تاکی کۆمەڵگه‌ خۆڵقاوە، بۆیە دەبینین کە ڕادەی تاوانکاری لەو وڵاتانە بەتەواوی هاتووەتە خوارێ و هه‌ندێک کردار کە لە ئێران بە تاوان دادەنرێ و خەڵکی لەسەر سزا دەدرێ لەو وڵاتانە نەک تاوان نییە بەڵکوو بە دەربڕینی ئازادیی بەیان و تاکەکەسی دادەنرێ.

لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا هەموو کاتێک بۆ هەڵسه‌نگاندنی ڕادەی بەڕێوەچوونی ڕێوشوێنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە پلەی یەکەمدا سیستمی قەزایی و ئەمنییەتیی ئەو وڵاتانە بە پێوەر دادەنرێ. بەو مانایە ڕادەی پابەندی ئەو وڵاتانە بە بەڕێوەچوونی دادگایەکی دادپەروەرانە بایەخێکی گرینگ دەدا بە پێگەی ئەو وڵاتە لە کۆمەڵگه‌ی جیهانیدا. بەڵام دەبینین لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات خۆی لە پێوەرە نێونەتەوەییەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ پاراستووە و تەنانەت ئەو قانوونانەش کە لە ناوەندی قانووندانانی ئەو سیستمەش بە مەبەستی پاراستنی مافی مرۆڤ دەرچوون کاریان پێ نەکراوە و ڕێزیان بۆ دانه‌نراوە. یەکێک لەو قانوونانە شێوەی دەست وێڕاگەیشتنی هەموو تاکێکی کۆمەڵگه‌یە بە دادگایەکی دادپەروەر و لە هەمان کاتدا دەست وێڕاگەیشتنی بە پارێزەر، جا ئەو کەسە بە هەر هۆکارێک لە لایەن مەئموورینی دەوڵەتییەوە دەستبەسەر کرابێ و هەروەها بەپێی هەموو پێوەرەکانی نێونەتەوەیی و تەنانەت قانوونی بنەڕەتی ئێرانیش، پاراستنی مافی ئینسانی لە زیندان چ لە کاتی دەست بەسەرکراوی و چ ئەو کات کە لە لایەن دادگاوە حوکمی یەکجاری دەدرێ ئیلزامییە، بەڵام هەر وەکی لە پێشدا باس کرا لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەو پێوەرانە نەک لەبەرچاو نەگیراون بەڵکوو ژێرپێ خراون. بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەکانی پێوست بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ هەموو مرۆڤێک لە کاتی دەستبەسەرکردن هەتا دەرچوونی حوکمی کۆتایی دادگا ئەو مافانەی هەیە: لە کاتی دەستبەسەر کران لە ماوەیه‌کی کورتدا دەبێ تێ بگەیه‌ندرێ کە بۆ دەستبەسەر کراوە (تفهیم اتهام)، بنەمای هەموو گرتن و دەستبەسەرکردنێک لە سەر بێ تاوانییە و هەتا تاوانەکە نەسەلمێندرابێ دەستبەسەرکراوەکە دەبێ وەک کەسی بێتاوان هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ، کەسی دەستبەسەرکراو مافی بێ ئەملاولای خۆیەتی پارێزەری خۆی هەبێ، لە بواری ته‌ندرووستییەوە هەم لە یەکەم ساتی دەستبەسەرکردنی پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێ و ئەگەر نەخۆشییەکی هەبوو بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، شوێنی حەوانەوەی چ تاکەکەسی و چ بەکۆمەڵ بەشێوەیەک بێ کە شیاوی مرۆڤ بێ و بە چەندین مافی دیکە. کە بەداخەوە هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و دەوڵەتانی ئوڕووپایی ئەو ڕاستییە دەزانن کە هیچ کام لەو مافانە لە نیزامی دادی کۆماری ئیسلامیدا بە زیندانیی سیاسی و غه‌یرەسیاسی نادرێن، بەڵام ئەوان لەبەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان لە ئاست ئەو پرسەدا ماوی چل ساڵە چاویان نووقاندووە. لێرەدا وەک نموونە باس لە دوو بڕگەی قانوونی دەکەین لە بەڵگەکانی نێونەتەوەیی و نێوخۆی ئێراندا کە مافی زیندانی لە بواری پاراستنی ته‌ندرووستییەوە تێدا دەستنیشان کراوە و لە سەر زیندانەوان ئەرکە جێبەجێیان بکا.

کۆمەڵێک بنەما و پڕەنسیپ لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ پارێزگاری لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوازێک لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستبەسەر کراون و یا زیندانین پەسه‌ند کراوە کە لە ئەسڵی ٢٤دا دەڵێ: (کەسی دەستبەسەرکراو یا زیندانی دوای وەرگرتن لە لایەن ناوەندی ڕاگرتنی کاتی یا زیندان دەبێ لە زووترین کاتدا پشکنینی پزیشکیی شیاوی بۆ بکرێ و لە دوای ئەوەوە هەر کاتێک پێویستی بە دوکتور هەبوو، لە زووترین کاتدا دەبێ دوکتوری بۆ دابین بکرێ. ئەو لە ژێر چاودێری و ئاگالێبوونی بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر دەبێ). لە ئاییننامەی ئیجرایی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێراندا لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەری پزیشکی هەموو زیندانییان لە نێوخۆی زیندان و دەرەوی زیندان لە مادەی١٠٣دا بەو شێوەیە باس دەکا: (هەتا ئەو جێگایە کە ئیمکانی هەبێ، دەبێ بە شێوەیەک ڕێک بخرێ کە پێداویستییە دەرمانی و ته‌ندرووستییەکانی حوکمدراوانی نەخۆش لە نێوخۆی دامەزراوەی زینداندا دابین بکرێ بۆوەی پێویست بەوە نەکا زیندانی بۆ دەرەوی زیندان یا دامەزراوەی زیندان ڕابگواسترێ. لەگەڵ هەمووی ئەوانە لە کاتی پێویستدا بردنەدەره‌وه‌ی زیندانی لە زیندان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی پێویستیی بە تەئیدییەی نەخۆشخانەی زیندان و ئیجازەی بەرپرسی دامەزراوەی زیندان یا بەرپرسی زیندان و ڕەزایەتی قازی هەیە.)

کاتێک چاو لە وەزعییەتی زیندانەکانی ئێران دەکەین ڕاستیی ئەو بابەتە کە کۆماری ئیسلامی پابەندی هیچ قانوون و یاسایەک نییە جا چ ئەو قانوونە نێوخۆیی بێ یا نێونەتەوەیی بێ، و جێگای نیگه‌رانییە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرده‌وام لە ماوەی ئەو چل ساڵەی تەمەنی دەسەڵاتداریان هەموو کات ڕێکەوتن و په‌یماننامە نێونەتەوەیی و دەوڵەتییەکانیان لە بەرچاو نەگرتووە و ژێرپێیان ناوە.

کردار و ڕەفتاری کاربەده‌ستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانییەکان بە تایبەتی زیندانییانی سیاسی و جیابیر ئەوەیە کە بەئه‌نقەست لە چارەسەرکردن و دەستوێڕاگەیشتنیان بە دوکتور و دەرمان خۆ دەبوێرن کە ئەو خۆبواردنە زۆر جار بووەتە هۆی مەرگی زیندانی. بۆ نموونە: ئەکبر محەممەدی لە ساڵی ٢٠٠٦، هودا سابیر لە ساڵی ٢٠١١، سه‌تار بەهەشتی له‌ ساڵی ٢٠١٢ بە هۆی ئه‌شکه‌نجەوە گیانی لەدەست دا، زێنەب جه‌لالیان زیندانیی سیاسیی کورد کە مەحکووم بە ئێعدامە، لە مێژووی زیندانییانی ئێراندا یەکەم ژنە کە ئەو ماوە دوورودرێژە لە زینداندا بەند کراوە و بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی له‌وانه‌یه‌ بینایی چاوەکانی لە دەست بدا کە بێجگە لەوەی کە یای زێنەب جەلالیان دەستی وە چارەسەری پزیشکی ڕانەگەیشتووە بەڵکوو لە ماوەی بەندکرانیدا بە هەموو جۆرێک ئەشکەنجە دراوە.

هەروەها نوێترین نموونە وەحید سەیاد نەسیری لە زیندانی له‌نگروودی شاری قوم کە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە حوکمی دادگا دوای نیزیک دوو مانگ مانگرتن لەخواردن گیانی لە دەست دەدا، به‌بێ ئەوەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی خۆی لە بەرامبەر مەرگی ئەو زیندانییە و هەزاران زیندانی دیکە بە بەرپرس بزانێ و لە بەرامبەر بنەماڵە و کۆمەڵگه‌ی ئێراندا وڵامدەر نییە و هەروەکی لە سەره‌تاوە گوترا ئەو ڕەفتارەی دەزگای دادی ئێران دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و تەنانەت قانوونەکانی خۆیشی نییە و هەر بۆیە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە شووڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین ساڵە ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی بۆ دیاری کردووە.

لە کۆتاییدا پێویستە وەبیر بێنمەوە کە نابێ ئومێدمان بەوە هەبێ کە سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران چاکسازی بە قازانجی گەلانی ئێرانی تێدا دەکرێ، چونکە بەشی زۆری قانوونەکانی ئێران بە قانوونی ئەساسیشەوە لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداری ئەو سیستمە نووسراون و دەسەڵاتدارانیش هیچکات بەوە ڕازی نابن کە ئەو قانوونانە لە بەرژەوەندیی گەلانی ئێراندا ئاڵوگۆڕیان تێدا بکرێ.