ئەشکەنجە و غرووری بەندیی سیاسی(۱-۲)

محەممەد محەممەدی
ئەمن «محەممەد محەممەدی» ناسراو بە «محەمەد بڵواناوایی» ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە شاری بڵواناوا لە ناوچەی لەیلاخ لەدایک بووم.
دەستپێکی خوێندنی من هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران، باش لە بیرمە کە پۆلی دووی سەرەتایی بووم و هەموو ڕۆژێک زووتر لە کاتی تەواوبوونی کلاسەکان لە خوێندنگە بەرەو ماڵێ هەڵدەهاتینەوە. هەرچەند ئەو کات هۆکارەکەشیم بەباشی نەدەزانی بەڵام دواتر زانیم کە هێندێک لە مامۆستاکانمان ساواکی بوون بەڵام زۆرینەیان نیشتمانپەروەر و لایەنگەری حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات بوون و خۆفرۆشەکانیش هێشتا خۆیان ئاشکرا نەکردبوو. جا ئەوە بوو کە ساواکییەکان دەیانگوت ئێستا پیاوەکانی خومەینی دێن و ئاگرتان تێبەردەدەن و نیشتماندۆستەکانیش هەر کە دەرفەتێکیان وەدەست دەکەوت، قوتابخانەیان بەجێ دەهێشت و خوێان دەگەیاندە لای هێزی پێشمەرگە. ئێمەش ئەو هەلەمان بەباشی دەقۆستەوە و بەرەو ماڵ هەڵدەهاتین و بەدەم ڕێگاشەوە ئەوی بە زارماندا دەهات وەک دروشم و شیعار دەمانگوت.
منداڵی و قۆناغی خوێندنی ئێمە لە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوانەدا بە سەر چوو. شەڕی داسەپاوی حکوومەت بەسەر هێزە کوردییەکان لە کوردستان دەستی پێکرد و ناوچە و شار و گوندی ئێمەشی گرتەوە. هەر بەم بۆنەیەوە خەڵکی گوندی ئێمە کە ئەو کات شارەدێ بوو و ئێستا بووەتە شارۆچکەیەک، لە بەربەرەکانی لە بەرامبەر هێزەکانی ڕێژیمدا قارەمانەتیی کەموێنەیان لە خۆیان نواند. دیارە لە وەها ناوچەیەک کە دوژمنایەتیی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێ، دژکردەوەی حکوومەتیش بەنیزامی و بەئەمنیەتی کردنی ئەو ناوچەیە دەبێ. لە بنەماڵەی ئێمەدا برام و تەنانەت باوکی بەتەمەنیشم هەر لەو ساڵانەدا دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ڕێژیم کران و بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دران. تەنانەت براکەم کە مامۆستای قوتابخانە بوو، بۆ هەمیشە لە کاری مامۆستایەتی وەلا نرا و لەسەر کار دەرکرا. ئەوە بوو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ ئازار و ئەزیەت و هەڵاواردن و زوڵم و زۆری ڕێژیم لە هەمبەر نەتەوەی کوردەوە ئاشنا بووم. پاشان بڕیارم دا هەتا دواهەناسە لە بەرامبەر ستەمدا بوەستمەوە و لە پێناو ڕزگاریی گەلی کورددا هەنگاو بنێم.
ئەو کات هەر بە شێوەی سەربەخۆ دەستم کرد بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامە و نووسینی دروشمی حیزبی و لە ساڵەکانی ۷۰_۷۶ چەندین جار دەسبەسەر کرام.
چاک لە بیرمە کە یەکەمین دروشم کە لە سەر ماشێنێکی حکومەتی نووسیم ئەوە بوو «پێشمەرگە، ناوت بەرزە. بژی دێموکرات». جیا لە کاری تەبلیغی لە دەبیرستانیش ئەندامی گرووپی هونەری و دەرهێنەری شانۆ بووم، لە ٢٢ی ڕێبەندان بۆ بەرنامەی شانۆ و سروودمان هەبوو. لە کاتی خوێندنی سروودەکە بە بیانووی ئەوەی کە سروودەکەمان گۆڕاوە لە نیوەیدا درێژەی سروودەکەیان لێ پچڕاندین. لە جیاتی ئەوەی بۆیان دیاری کردبووین، سروودی «چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران»م بە کوڕەکان پێشکەش کرد و هەر ئەوەش بووە هۆی لەگەڵ مامۆستای پەروەرشی کێشەم بۆ ساز ببێ و دواجار لە گرتنگەی ئیتلاعات خۆم ببینمەوە کە دواتر بۆ بەندیخانەی «کوچکەکە» لە شاری قوروە بەڕێ کرام. ئەوە یەکەم جار بوو دەگیرام و بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بە بێبەزەیانەترین شێوە ئەشکەنجە درام. ئەشکەنجەکان ئەوەندە سەخت و لە تاقەتبەدەر بوو کە تەنانەت دەستم دایە خۆکوژی، بەڵام پاسەوانەکان زانییان و نەیانهێشت. بەر لە دەستبەسەر کرانم بڕبڕەی پشتم کێشەی هەبوو، لە کاتی ئەشکەنجەدا پێم گوتن لانیکەم لەو شوێنەم مەدەن چون لەوانەیە بشکێ، بەڵام ئەوان بە ئەنقەست ڕێک لەو شوێنەیان دەدا و وا دیاریش بو کە زۆریش کەیفیان پێی دەهات کە بە دەست ئەو ئازارەوە دەمناڵاند.
لەو ماوەیەدا دیسان بە بۆنەی بە شەڕهاتن لەگەڵ مەئموورەکان سزای ساڵ و نیوێک زیندانم بەسەردا سەپا، بەبێ ئەوەی قازیی پەروەندە لێم بپرسێ کە بۆچی بە شەڕ هاتووی و چی ڕووی داوە. لەو ساڵ و نیوە پتر لە نۆ مانگیم کێشا.
دوای ئازادبوونم و ئەگەرچی لە ماوەیەکی کورتدا توانیمان زۆر کار بکەین، بەڵام بەهۆی کەم ئەزموونی دیسانەکە گیرام. ئەمجارەیان لە ١٥ی ڕێبەندانی ٧٤ لە لایەن ئیتلاعاتی شاری قوروەوە گیرام و بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لە سلوولی تاکەکەسیدا و لە ژێر بێڕەحمانەترین ئەشکەنجەکاندا هێشتمیانەوە.
پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە و بە تۆمەتی شێواندنی بیروڕای گشتی و بانگەشە دژی نیزام ساڵێک و ٨ مانگ حوکم درام و، بەڕێی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرام.
هاوبەندی و هاوڕێیەتیی لەگەڵ هاوڕێگەلێک وەک «شەهید حەمەی نەدیمی»، «شەهید عەبدوڵای مورادی»، «حەسەن گۆران»، «عەبدوڵای ساعدی ناسراو بە عەبە سوور»، «بیژەن قوبادی» و «کەریم عەلی محەمەدی» کە لە چالاکانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بوون و… بەڕاستی ورەبەخش بوو بۆ من. ئەم هاوڕێیانە تایبەتمەندیی حەماسەخوڵقێنییان تەنیا تایبەت بە قۆناغی زیندان نەبوو، بۆ نموونە کاک حەسەن گۆران بە تاوانی کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی لە زیندان بوو. لە بیرمە بە بۆنەی ئەوەی کە لە زیندانیشدا خەریکی فێرکاریی زمانی کوردییە، بەرپرسانی زیندان لەگەڵ خۆیان بردیان و هەتا ١٥ ڕۆژ نەهاتەوە، کە هێنایانەوە مەیتێک بوو. دواجار کە زانیمان ئەو ١٥ رۆژە لە سلولێکی سەرئاوەڵا ڕایان گرتبوو و بەو زستانە بەفر و بارانێکی زۆری بەسەردا باریبوو. دەست و لاقی بەتەواوی بێهەست ببوو، بەڵام لە دوای چەند ڕۆژێک کە حاڵی باشتر بوو بە پێکەنینەوە جامانەکەی لە سەری نا و گوتی کێ حازرە با بچین دەست بە کلاسەکانمان بکەینەوە.
کەمتر لە یەک مانگ بەسەر ئازادبوونەکەمدا تێپەڕیبوو کە لە ڕادیۆ حیزبەوە پەیامم بۆ هات کە «قەندیل ١» وەرە بۆ لامان. بەڕادەیەک بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم کە ئەشکەنجە و جەزرەبەکانی ئەو ماوەیەم بەتەواوی لەبیر چۆوە. دوای چەند ڕۆژان خۆم گەیاندە بنکەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و پاش دیدار تازە کردنەوەیەک و ڕاسپاردنی هێندێک ئەرک؛ سەر لە نوێ سازمان درام و گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیسانەوە دەستم کردەوە بە چالاکی و سازکردنەوەی هەستە تەشکیلاتییەکانمان. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکیی حیزبی خەریکی کاروکاسبیش بووم، ڕۆژێک لە نێوشاری دێولان تووشی مەئموورێک بووم و پێی گوتم: «ئەوە نەگیراوی؟» گوتم تازە ئازاد بووم و ئەویش گوتی کە نا ئەتۆ هێشتا ساڵێک لە حوکمەکەت ماوە و چ قازییەکی وا وا لێهاتوو، ئەو یەک ساڵەی تۆی کردووەتە تەعلیقی؟ لەدوای ئەوە زۆری نەخایاند قۆڵبەست کرام و پاش ۴۰ ڕۆژان ئەشکەنجە و لێپێچینەوە، هیچم لەسەر نەسەلمێندرا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرام، بەڵام بازجووەکە پێی گوتم کە ئەو یەک ساڵە هەر دەبێ بکێشی و دادگا ناتوانێ بۆت بکاتە تەعلیقی؛ بە هەر شێوەیەک بوو بڕیاری خۆیان بردە سەرێ و دەستبەسەریان کردم و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترامەوە. لە زیندان بێجگە لە حەسەن گۆران هەموو هاوڕێیانی پێشووم لەوێ مابوون.
لێرەدا بەجێیە چەند بیرەوەرییەکی خۆم لە ڕۆژانی زیندانم بگێڕمەوە؛ شەهید محەممەد نەدیمی کە ئەو کات پێکەوە لە زیندان بووین، ڕۆژێک لە سەر ئەوەی کەسێک سووکایەتیی کردووە بە شەهیدان، لەگەڵی بەشەڕ هات و هێندی لێدا کابرا یەکڕاست بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە و شەهید محەممەدیش بۆ زیندانی تاکەکەسی. لە دوای چەند ڕۆژێک لەو ڕووداوە گەڕانەوەی بۆ بەند، هات بۆ لام و لێی پرسیم: «دەزانی ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە؟» لە وڵامدا گوتم بەڵێ، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە. پێی گوتم دەی باشە بۆ وا بێهەست و بێهەڵوێستی؟ دوایە وەرە بۆ مزگەوتی زیندان. کە چووم دیتم زۆربەی هەرەزۆری حیزبییەکانی لەوێ کۆ کردووەتەوە و، هەر لەوێدا و بە ساکاری بۆنەیەکمان ڕێک خست و ئەو کارە بووە هۆی ورەبەخشینێکی زۆر بە من و هەموو هاوڕێیانی دیکەش. سێ ڕۆژ دواتر، واتە ڕۆژی سێزدەبەدەر کەش و هەوایەکی زۆر خۆشی هەبوو و ئێمەش سفرەی نەهارمان لە حەوشەی زیندان ڕاخستبوو کە بانگیان کردم بۆ ژووری چاوپێکەوتن. بەپەلە ڕۆشتم دیتم دایکم هاتووە بۆ سەردانم (چاوپێکەوتنەکانمان لە پشت شووشە و بە تەلەفوون بوو)، دایکم خەمێکی گەورە بە ڕوخسارییەوە دیار بوو، لە پاش چاک و چۆنی، لە کەش و هەوای دەرێم پرسی و ئەویش لە وڵامدا گوتی: «باران و بەفرێکە ڕۆڵەگیان هیچ کەسێک ناتوانێ ماڵەوماڵ بکا و هەموو لە ماڵ خزیون! لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە چێشت و نانێکی زۆری ساز کردووە و زۆر لە بەرپرسانی زیندان پاڕاوەتەوە و تەنانەت سەرشانی یەکیشیانی ماچ کردبوو بەڵام بەو حاڵەش نەیانهێشتبوو خواردنەکانمان بۆ بێنێ. بەوەی کە دایکم لەبەریان پاڕابۆوە زۆر تێک چووم و لەسەر دڵم گران هات، چونکی دوو ڕۆژ پێشتریش، باوکم قەندی بۆ هێنابووم و مەئموورەکان لێیان وەرگرتبوو و هەموو قەندەکەیان لە بەر دەرکی زیندان پڕش و بڵاو کردبۆوە. قسەکانی دایکم و ڕوخساری شەکەت وماندووی و دڵشکاوییەکەی ئاگری لە جەستەم بەردابوو. خۆم پێ ڕانەگیرا، لە قوڵپەی گریانم دا و دایکمم بەبێ ماڵاوایی کردن بەجێهێشت!