بڵاوبوونەوی ڕاپۆرتی “جاوید ڕەحمان” سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی، “جاوید ڕەحمان” ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراویی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئێران، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بڵاوکردەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش هەر ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بڵاوکردەوە.
ئەو ڕاپۆرتە لە چەند بەش پێکاهاتوە کە بریتین لە: دۆخی زیندانیانی سیاسی، زیندانیان وڵاتانی دەرەوە، لەسێدارەدان و لە سێدارەدانی مناڵان، تاوانباران، دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە، نەبوونی ئازادیی بەیان و نەبوونی مافی ڕاگەیاندنی ئازاد و ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراوی سێنفی.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی رابردوو و قەیرانی ژیان و گوزەران و مافی مرۆڤ کراوە و باس لەوە کراوە کە بەشێکی زۆر لە چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی و کرێکاری دەسبەسەرکراون و بەشیوەیەکی ناعادلانە دادگایی دەکرێن.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون سەر بە کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانن و لە نێو ئەواندا ئاماژە بە ناوی هیدایەت عەبدووڵلاپوور کراوە کە کوردە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ناوبراو زۆر بەتوندی کەوتۆتە ژێر ئەسکەنجە و ئازار. بێجگە لەوانە کەمایەتییەکانی دیکەی وەک ئازەرییەکان، بلووچ، بەهایی و مەسیحییەکان لە ئێران لەژێر گوشار دان. ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ ئاماژەی بە ٨٣ کەس لە کەمایەتی بەهایی کردووە کە لە زیندانەکانی ڕیژیم دان و بەشێوەیەکی ناداپەروەرانە داداگایی دەکرێن و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ.
لە بەشێکی دیکە ڕاپۆرتەکەدا باسی دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکرێ کە دەزگای قەزایی ئێران بۆ مەحکووم کردنی زیندانیان بە زیندانی درێژ ماوە و ئێعدام لەو دانپێدانانە کەلک وەدەگرێ.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مامۆستایان، خوێندکاران و کرێکاران لە پێکهێنانی ڕێکخراویی سێنفی بێبەشکراون و باس لە بێبەشکردنی ئازادییەکانی ژنان و ئازادییە سەرەتاییەکانیان لەو ڕاپۆرتەدا کراوە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە ناڕەزایەتی کرێکارانی “هەفت تەپە و پۆڵای ئەهواز” و دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٠ کەس لە کرێکاران، خاوەن بارهەڵگرەکان و مامۆستایان و سەرکوتی پارێزەران زیندانی کردنیان کراوە کە بەشێوەی نایاسایی ڕەفتاریان لەگەڵ کراوە.