دەسبەسەرکردنی لانیکەم ۲۳ چالاکی سیاسی لە مانگی خاکەلێوەدا

ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دوو کەسی خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکانی بە تۆمەتی چالاکی ئەمنیەتی دەسبەسەر کردوە، بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون؛ گەیشتە ۲۳ کەس.
مەنسوور شارەوان، خەڵکی گوندی “برایماباد” و هەژار عەباسی، خەڵکی گوندی “گۆێگجەلی” زیاتر لە دە ڕۆژە ئیتلاعات گرتوونی و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و ڕوون نییە لە کوێ بەند کراون.
سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو کەسە ئاشکرای کردووە کە مەندوور و هەژار بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم گیراون.
شایانی باسە لە ماوەی یەکەم مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ۲۳ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. لەو ۲۳ کەسە پێنج کەسیان دادگایی کراون و سەرجەم سزای ۴۰ ساڵ و ۵ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.