خۆڕاگری: سێ ژنی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی حومەیرا و شلێر ئەمینیپوور خوشک و مەنیجە خۆشنوود، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٦ی مای ٢٠٢٦ی زایینی”، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو خوشک بە ناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور، تەمەن٥٠ ساڵان و شلێر ئەمینپوور و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیاندا گرتووە و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠ی هەتاوی “٢٥ی مای ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەنیجە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
شایەنی باسە کە، مەنیجە خۆشنوود پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و ئەو کات لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاندبوو.

Be the first to comment