خۆڕاگری: دوو برای چاکوانی فەرهەنگیی خەڵكی داڵاهۆ بەناوەکانی مەیسەم و موجتەبا وەیسی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کوژران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٨ی مای ٢٠٢٦ی زایینی” بەهۆی دەسڕێژی گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵێک لە گوندی «قەڵا کەوەش»ـی سەر بە شاری داڵاهۆ، مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، دوو برا و دوو چالاکوانی فەرهەنگی گیانیان لە دەستداوە.
کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، شوێنی حەوانەوەی ئەم دوو برایەیان گەمارۆ داوە و لە هەموو لایەکەوە تەقەیان لێ کردوون و لە ئاکامی ئەو دەسڕێژییە چەکدارییەدا، هەردوو برا دەسبەجێ گیانیان لەدەست داوە و هەروەها هەردووکیان وەک دوو چالاکی دیاری فەرهەنگی لە ناوچەی کرماشان دەناسران و لە دامەزرێنەرانی «کتێبخانەی کوردیی دەرەدرێژ» بوون و دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بە ناچاری لە دۆخێکی نهێنیدا دەژیان.
جێی ئاماژەیە کە، هاوڕێیەکی دیکەی ئەم دوو برایە بە ناوی «فەرشاد حاتەمیپوور» لە کاتی هێرشەکەدا لەوێ بووە، بەڵام تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی یان شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment