پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی یەزد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری یەزد، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئیسماعیل ڕەمەزان‌پوور بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٨ ساڵاندا سەپاند، کە لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی زستانی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٨ی مای ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئیسماعیل ڕەمەزان‌پوور، بەندکراوی سیاسیی و هاووڵاتیی خەڵکی شاری “یەزد”ـی سەربە پارێزگای فارس، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەمنیی ڕێژیم.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیرێت، هاوکات لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا، مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆی لێ زەوت کراوە و هەروەها دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە یەزد بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک تۆمەتی بێ‌بەڵگە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە بریتین لە: کۆبوونەوە و تێوەگلان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی و ناوخۆیی، تێکدانی بەئەنقەستی موڵک و ماڵی گشتی، بەتایبەت بەتۆمەتی ئاگرتێبەردانی باڵەخانەی شارەوانیی یەزد بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی. جێگەی ئاماژەیە کە، ئیسماعیل ڕەمەزان‌پوور دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گوازراوەتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمی سزای لەسێدارەدانەکەی لە ناو بەندیخانەکەدا پێ ڕاگەیەندراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*