خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد بەناوی شیرزاد پایانیانی، لەلایەن هێزە سەرکوتەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و هیچ جۆرە بڕیار یان بەڵگەیەکی قەزایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شێرزاد پایانیانی، هاووڵاتیی خەڵكی مەهەباد و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
پاش تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبرا، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و کەسوکاری بۆ زانینی هۆکاری دەسبەسەرکردن، جۆری تۆمەتەکان و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی، هیچ ئاکامێکی نەبووە و بەرپرسانی ئەمنی هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە و چارەنووسی کوڕەکەیان نادیارە.
جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوادچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment