خۆڕاگری: موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بانە، کە لە ئێستادا حەڤدەهەمین ساڵی بەندکردنی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤین تێدەپەڕێنێت، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی و تووشبوونی بە چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار، لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبات.
ڕۆژی هەینی، ۱٥ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “٦ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی خۆڕاگری لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی کورد، بەهۆی پێشهاتە مەترسیدارەکانی، وەرەمێکی شێرپەنجەیی و نەخۆشییەکانی دیکەوە، پێویستیی بە چارەسەری پزیشکیی خێرا و لە دەرەوەی ژینگەی بەندیخانە هەیە و سەرەڕای ئەوەی پزیشکی قەزایی لە چەند قۆناغی جیاوازدا بە فەرمی جەختی لەسەر پێویستیی گواستنەوەی دەسبەجێی ناوبراو بۆ ناوەندە پزیشکییەکان کردووەتەوە، بەڵام دادستانی ڕێژیم لە تاران تاوەکوو ئێستا ڕێگری لەم کارە دەکات.
لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکانی پزیشکی قەزایی، بە ڕاشکاوی بە قازیی چاوەدێری بەندیخانە و دەزگای قەزایی ڕاگەیەندراوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی تێکچوونی خێرای باری تەندروستیی موتەلیب ئەحمەدیان، گواستنەوەی بۆ دەرەوەی بەندیخانە حاشاهەڵنەگرە، ئەمەش بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکاری پێویستی چارەسەر و ڕەخساندنی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ قۆناغی چاکبوونەوەی ناوبراو.
بێدەنگی و ڕێگریی بەردەوامی بەرپرسانی دەزگای قەزایی تاران لەمەڕ ئەم دۆسیەیە، نیگەرانییەکی قووڵی لای بنەماڵە و چالاکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە و هۆشداری دەدەن کە دواخستنی چارەسەرییەکان دەکرێت دەرەنجامی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە.
شایەنی باسە موتەلیب ئەحمەدیان لە ساڵانی ڕابردوودا بەبێ بوونی کەمترین مافی مەرەخەسیی پزیشکی، تەواوی ماوەی دەسبەسەرییەکەی لە دۆخێکی پڕ لە ئاستەنگی پزیشکیدا تێپەڕاندووە.

Be the first to comment