خۆڕاگری: لاوێک و دوو مێرمنداڵی خەڵکی بانه، بە ناوەکانی “ژیار ڕەسوولی، ئیلیا لوتفی و محەممەد فەرەجی”، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ی زایینی”، محەممەد فەرەجی، لاوی تەمەن ۱۸ ساڵان و ژیار ڕەسووڵی تەمەن ۱۷ ساڵانی خەڵکی گوندی “ئارمەردە”ـی بانە، لە کاتێکدا کە بە ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگەی ئارمەردە بۆ بانه دەڕۆیشتن، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، ئیلیا لوتفی، مێرمنداڵی تەمەن ۱۷ ساڵانی خەڵکی شاری بانه، لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارنووسی ناڕوونە.
جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment