ئیلام ؛ دادگای باڵای ڕێژیم سزای ٦٨ ساڵ بەندکردنی دوو براو و چالاکی مەدەنی لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینای پەسند کرد

خۆڕاگری: سزای قورسی بەندکردن، پێبژاردنی پارە و لێدانی قامچی بۆ دوو برای کورد و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ئیلام، «ئەمیرعەلی زاکری‌فەرد» و «عیماد زاکری‌فەرد»، لە لقی یازدەی دادگای باڵای ڕێژیم پەسەند کرایەوە. ئەم دوو برایە کە بە سزای ٣٥ ساڵ و ٣٣ ساڵ بەندکردنیان بۆ بڕابووەوە، لە پووشپەڕی ئەمساڵەوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان دەستبەسەر کراون و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا ڕاگیراون.

ئەم سزایانە پێشتر لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەران «کیان سولتانیان»، «ئیسکەندەر خەتایی» و «مەهدی باقری» سەرەڕای بوونی کەموکوڕیی زۆر لە بەڵگەکان و کێشەی یاسایی، پەسەند کرابوو.

ئەمیرعەلی زاکری‌فەرد بە کۆی کەیسەکانەوە (لەوانە دەستبەسەرکردنی یەکەم لە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و دەستبەسەرکردنی دووەم لە پووشپەڕی ١٤٠٤)، سزای ٣٥ ساڵ بەندکردنی تەعزیری، ٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن ڕیاڵ پێبژاردنی پارە و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها براکەی، عیماد زاکری‌فەردیش بە کۆی گشتی سزای ٣٣ ساڵ بەندکردنی تەعزیری، ٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن ڕیاڵ پێبژاردنی پارە و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێنراوە.