خۆڕاگری: ڕەشید حیسامی، مامۆستای پەروەردەی خەڵکی قوروە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی (۱۴ی سێپتامبەری ۲۰۲۶ی زایینی)، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەشید حیسامی، مامۆستای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی قوروە ماڵەکەیان بەتەواوی پشکنیوە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتی گیانی ناوبراو زیاتر کردووە.

Be the first to comment