خۆڕاگری: لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی ئیمان ئەفشاری، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەر سوهەیل عەرەبی، وێبلاگنووس و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بیجاڕدا سەپاند.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، ۱٦ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ئەو بڕیارە بە فەرمی بە سوهەیل عەرەبی، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ ڕاگەیەندراوە و دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی، پێشتر و لە ڕۆژی شەممە ١٩ی گەلاوێژ بەڕێوە چووبوو.
ناوبراو کە پێشینەی بەندکردنی سیاسیی هەیە و دانیشتووی شاری تارانە، لەم دۆسییە نوێیەدا بە تۆمەتی کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی گشتی سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سپێندراوە و دادگا وەک سزای تەواوکەر، ناوبراوی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هەر جۆرە چالاکییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کردووە و ئەم بڕیارەی وەک قەدەغەکردنی پیشە یان ئیشی پەیوەندیدار بە تۆمەتەکەیەوە هەژمار کردووە.
جێگای ئاماژەیەکە، سوهەیل عەرەبی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دەربڕینی بیروڕا و چالاکییە مەدەنییەکانی، چەندین جار ڕووبەڕووی گوشار، دەسبەسەرکردن و بەندکردن بووەتەوە.

Be the first to comment