خۆڕاگری: هۆشیار شەعبانی، چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بانە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، سزای هەشت ساڵ و دە مانگ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ۱ی سەرماوەزی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم و پەیوەندیدار بە چالاکییە مەدەنییەکانی هۆشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بانە ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندووە کە پێشینەی حەوت جار دەسبەسەرکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی دۆسیەسازیی قەزایی هەیە، ئەمجارە بەهۆی چالاکییەکانی لە پێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مافە مەدەنییەکان، ڕووبەڕووی ئەم سزایە بووەتەوە.
لە ڕیزبەندی ئەو تۆمەتانەی کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەیان پێ کراوە، دەستەواژەی سەیر و سەمەرە دەبینرێن وەکوو؛ لەبەرکردنی جلی کوردی، پاڵپشتیکردن لە گۆرانییە کوردییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە کەلتوورییەکان و داکۆکیکردن لە هەڵمەتی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان».
چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی وەک بەڵگەی تاوان، درێژەپێدەری ئەو گوشارە سیستماتیکانەیە کە لە دژی چالاکوانانی کورد لە کوردستان بەکار دێت و هەروەها ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە کاتێکدا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە ژێر گوشار و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بووە.

Be the first to comment