سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی هەوشار لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارمان محەممەدی، کرێکاری لاوی تەمەن ۲۳ ساڵانی خەڵکی شاری تیکابی ناوچەی هەوشار، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لە شاری یەزد سزای ۱۰ مانگ بەندکردنی تەعزیری و یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٨ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۹ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئارمان محەممەدی، هاووڵاتیی و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی خەڵکی شاری “تیکاب”ـی سەربەناوچەی هەوشار، کە پێشتر لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزایە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە و لەم دواییانەدا لە شاری یەزد خەریکی کرێکاری بوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای یەزدەوە، سزای ۱۰ مانگ بەندکردن و یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی یەزد بە سەرۆکایەتیی قازی ناسر دێهقان دێهنەوی، بەهۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوون لە ناڕەزایەتییەکاندا، سزای ۲ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بڕیارە دەرکراوەکە، ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ۱۰ مانگ بەندکردن و یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو کەم کراوەتەوە.
ئارمان محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی (۶ی ژانویەی ۲۰۲۶) لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ڕۆژێک ئەشکەنجە لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا، بەیانیی ڕۆژی دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گوازرابۆوە و هەروەها لە کۆتاییدا دوای تێپەڕاندنی ۲۰ ڕۆژ دەسبەسەرکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد تمەنی و لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنیدا بۆ ماوەی دوو مانگ، بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*