سەرکوتکردنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و دەسبەسەرکردنی ۷ هاووڵاتیی لە ئاودانان

لە ئاکامی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی خەڵکی ئاودانان لە کاردانەوە بە گیانلەدەستدانی ۱۳ کرێکار و ئەندازیاری کۆمپانیای پێترۆپاڵاوگەی دێلوڕان لە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی یەکەی تایبەتی ڕێژیم بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕازییانیان داوە و لانیکەم حەوت هاووڵاتیی لەوانە مێرمنداڵێکی ۱۵ ساڵان بە ناوەکانی “سینا دەروێشی، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئیرەج حەیدەری٫ موحسین باوێر٫ ئەسغەر ئەکبەری، بێهنام مرادی و ئارمین سولەیمانی” دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە ۲۶ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (۱۷ی نوڤەمبەری ۲۰۲۶ی زایینی)، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بە نابەرپرسیارەتی بەرپرسان سەبارەت بە دۆخی سەلامەتیی ڕێگاوبانەکان و گیانلەدەستدانی کارمەندانی پیشەسازیی نەوت و گازی دێلوڕان دەستیان دایە گردبوونەوەی سەرشەقام و دروشمیان دژی حکوومەت بەرز کردەوە و ئەم گردبوونەوە ئاشتییانەیە بە دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکانی یەکەی تایبەتی ڕێژیم و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بەرەو توندوتیژی هەڵکشا.
لە ئاکامی سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە و هاوکات لەگەڵیدا، لانی کەم ۷ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناسنامەکانی سینا دەروێشی تەمەن ۱۵ ساڵان، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئیرەج حەیدەری، موحسین باوێر، ئەسغەر ئەکبەری، بێهنام مرادی و ئارمین سولەیمانی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و گواراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، بەڵام موحسین باوێر دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کراوە.
سینا دەروێشی، مێرمنداڵی تەمەن ۱۵ ساڵان و سەعید عەبدوڵڵاهی، لاوی خەڵکی ئاودانان، لە ئاکامی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و هەروەها ئیرەج حەیدەری، لە ڕەوتی تێکهەڵچوونی نێوان هاووڵاتییانی ناڕازی و هێزەکانی ڕێژیم لە مەیدانی وەلیعەسری ئاودانان دەسبەسەر کراوە.
جێی ئاماژەیە کە، ئێوارەی هەمان ڕۆژیش موحسین باوێر، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان کە پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکردنی هەبووە و دوای ئازادبوونی مەرجدار ماوەی سزاکەی لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنیدا تێپەڕ دەکرد، لە دەوروبەری دووکانەکەی خۆیدا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕاپۆرتگەلێکیش سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی دیکە لە لاوانی ئەم شارە بڵاو کراونەتەوە کە ناسنامەکانیان هێشتا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بڵاو نەکراونەتەوە.
ئەم ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە ئێوارەی شەممە ۲۳ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (۱۴ی نوڤەمبەری ۲۰۲۶)، پاسی هاتوچۆی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپاڵاوگەی دێلوڕان (پڕۆژەی NGL 3100) کە زۆربەی سەرنشینەکانی کرێکار و ئەندازیارانی خەڵکی ئاودانان و گوندەکانی دەوروبەری بوون، لە دەوروبەری بیرە نەوتییەکانی ناوچەی دێلوڕان تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوو و لە ئاکامدا تا ئێستا ۱۳ کەس گیانیان لەدەست داوە و ۱۷ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نەخۆشخانەکانی ئیلام و دێزفوول لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*