خۆڕاگری: سەرەتای ئەم مانگە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی موهەندیس نیروومەند، لە کاتی گەڕانەوەی لە وڵاتی تورکییە بۆ ئێران، لە خاڵی سنووریی «سێروو» لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ۲٤ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٥ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دەسبەسەرکردنی موهەندیس نیروومەن، هاووڵاتیی حەڵکی شاری ورمێ، گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیا و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووس و دۆخی تەندروستیی، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە خۆڕاگری ڕاگەیاند: تا ئێستا بە فەرمی هیچ تۆمەتێک ئاراستەی ئەم هاووڵاتییە نەکراوە و بێسەروشوێنبوونی لە بنکە ئەمنییەکان، نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی زیاتر کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ۱۰ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، تائێستا چارەنووسی نادیارە.

Be the first to comment