دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بۆکان، هێرشێکی دەسبەسەرکردنیان دژی چوار هاووڵاتیی کورد کە برا و ئامۆزای یەکن ئەنجام دا و دوای دەسبەسەرکردنیان چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاو “۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی حەسەن قۆڕغچی، مەسعوود قۆڕغچی، ناسر قۆڕغچی و شەهاب قۆڕغچی، لە ناوچەی “میراوا”ـی بۆکان و بە شێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون.
ئەو چوار هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی «کانییەڕەش»ـن، پێشتریش چەند جارێک لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراون و بۆ ماوەیەکی کورت دەسبەسەر کرابوون و هۆکاری ئەم دەسبەسەرکردنە نوێیە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ئەوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران دەگەڕێتەوە و بەو پێیەی ناوبراوان داوایان لە سپای پاسداران کردبوو ئەو «کۆنتێنەر»ـەی لە بەر دەرگای دووکانی ئەوان دایانناوە و ڕێگری لە کار و کاسبییان دەکات، لاببەن، بەڵام داواکارییەکەیان ڕەت کراوەتەوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە پێشتریش هێزە سەرکوتکەرەکان بەبیانووی ناو و لۆگۆی دووکانەکەیان کە ئاماژەی بە «ئارامیی هەڵۆکانی زاگرۆس» کردووە، گوشاریان خستووەتە سەریان و بانگیان کردوون.
هێزە سەرکوتکەرەکان هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنیان، دووکانی ناسر قۆڕغچییان بە شێوەیەکی فەرمی داخستووە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم چوار هاووڵاتییە، تاکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنیان بە بنەماڵەکانیان نەدراوەتەوە و نیگەرانییەکان لەبارەی چارەنووسیان لە ئارادایە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*