١٦ هاووڵاتیی خەڵکی مەهابادی بە کۆی گشتی بە زیاتر لە ٧٧ ساڵ بەندکردن سزا دران

خۆڕاگری: لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی ئەحەد سیامی، سزای بەندکردنی بەسەر ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەم شارەدا سەپاند.
ڕۆژی دووشەممە، ۲٦ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۷ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی گشتی، ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، پڕوپاگەندە دژی نیزام و چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە کۆی گشتی سزای ٧٧ ساڵ و ٩ مانگ بەندیکردنی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە کە پاییزی ۱٤۰۳ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
وردەکاریی سزاکانی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیەیە: عەبدوڵڵا هوشمەند و عەبدوڕەحمان قووە، هەر کامیان سزای حەوت ساڵ و یەک مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و عەبدوڵڵا قووە، قادر خەرامان‌فەڕ، جەلال سدەفی، عەلی مەعرووفی، ئارام مەبزوولە، یووسف تاڵ، ڕێبوار ڕەسووڵی، ئەیووب ڕەسووڵی، عوسمان جیهانی‌فەڕ، ڕەحمان دانا، سالار شەمس‌بورهان و زانیار سەیدئەحمەدی، هەر کامیان بە پێنج ساڵ بەندکردنی تەعزیری سزا دراون، نازەنین ئەلیاسی، سزای دوو ساڵ و کەماڵ مەسعوودی، سزای پێنج مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی مانگەکانی خەزەڵوەر تا سەرماوەزی ۱٤۰۳ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و پاش گواستنەوەیان بۆ شاری ورمێ، بۆ ماوەیەکی درێژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە لەژێر لێپرسینەوەدا بوون.
جێی ئاماژەیە کە، ئەو دەسبەسەرکراوانە لە ماوەی ڕاگیرانیان لە گرتنگە، بەتەواوی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون، کە ئەمەش نیگەرانیی لایەنەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*