دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ بەناوەکانی “عەیوەز بەهنەموون، شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەش، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی”، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “کەچەڵە”ـی سەر بە شری ورمێ و بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، عەیوەز بەهنەموون، و دوو برا بە ناوەکانی شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەش، خەڵکی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژانەیان نواندووە و دوای گەڕان و پشکنینی وردی ماڵەکانیان، دەسبەسەرکراوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی کات و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و دڵەڕاوکێی کەسوکاریان لەمەڕ چارەنووسیان لە ئاستێکی بەرزدایە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*