هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا

خۆڕاگری: گەلاوێژ ئەلیاسی، هاووڵاتیی حەڵکی مەهاباد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “۱٤ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” گەلاوێژ (نازنین) ئەلیاسی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیری، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.
ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی ئەحەد سیامی، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات، سزای دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێنرابوو.
سەبارەت بە ڕەوتی دۆسیەکەی، گەلاوێژ ئەلیاسی لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەیەک لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابووەوە.
ناوبراو لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی چوار ملیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی و تا کاتی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، بەڵام سەرلەنوێ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بانگ و ڕەوانەی بەندیخانە کرایەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*