خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ ناوی مووسا کەریمی، خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگر” ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “٨ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری مووسا کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕو و دانیشتووی کرماشان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کاتی دەسبەسەرکردنەکەدا، مۆبایل و ئۆتۆمبێلی ناوبراویان بردووە و دەستیان بەسەردا گرتووە و هەروەها لەو کاتەوەی دەسبەسەر کراوە، لە مافە سەرەتایییەکانی خۆی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و پاش ئەوەی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسی کوڕەکەیان ڕوویان سەردانی دادگای ڕێژیمیان کردووە لە کرماشان، بەرپرسانی ئەو دادگایە بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، ئەم تۆمەتەیان خستووەتە پاڵی.

Be the first to comment