خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە هەڵمەتێکی سەرەڕۆیانەدا هاووڵاتییەکی بەتەمەنی خەڵکی شاری بۆکانیان بەناوی عوسمان وەفایی دەسبەسەر کرد و دوای ئەشکەنجە و سووکایەتیپێکردن، لە شەقام فڕێیان دا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” شەوی سێشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “١٠ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئارام وەفایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لە کاتی ئەو هەڵمەتەدا، باوکی ئارام بە ناوی عوسمان وەفایی، تەنیا بەهۆی ئەوەی جلی کوردیی ڕەنگ خاکی لەبەردا بووە، کەوتووەتە بەر پەلاماری ئەو هێزانە و ئەویشیان دەسبەسەر کردووە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، عوسمان وەفایی-یان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان گواستووەتەوە و لەوێ بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سووکایەتییان پێ کردووە و بە زۆر جلی کوردییەکەیان لە بەر داماڵیوە و نیوەشەو لە کاتێکدا تەنیا جلی ژێرەوەی لەبەردا بووە، لە ئۆتۆمبێلەکەیان دابەزاندووە و لە شەقام فڕێیان داوە و هەروەها دەستیان بەسەر جلوبەرگە کوردییەکەی گرتووە و بردوویانە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، چارەنووسی ئارام وەفایی پاش تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هێشتا نادیارە و بنەماڵەکەی سەرباری سەردانی بەردەوامیان بۆ ناوەندە سەرکوتکەر و دادگاکان، تا ئەم ساتەش هیچ زانیارییەکی ڕوونیان لەبارەی شوێنی مانەوە و دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیان پێنەدراوە و ئەم کردەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرفراوانی لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا لێکەوتووەتەوە و وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤ و سووکایەتیکردن بە کولتووری نەتەوەیی کورد لە قەڵەم دەدرێت.

Be the first to comment