پەسەندکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارمان مەعریفەتی، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە، سزای سێدارەکەی پەسەند کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۱ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” سزای سێدارەی ئارمان مەعریفەتی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەندکراوە، لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەبولقاسم سەڵەواتی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و لە ڕەوتی دانیشتنی دادگاییکردندا لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، نوێنەری داواکاری گشتی لە سەرەتادا تۆمەتی ئەم هاووڵاتییەی بە کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران لە ڕێگەی ئامادەبوون لە ناڕەزایەتییەکاندا ڕاگەیاندبوو، بەڵام قازی سەڵەواتی بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٨٠ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، ناونیشانی تۆمەتەکەی قورستر کردەوە و گۆڕیویەتی بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی کردەیی دژ بە ئاسایشی وڵات، چوونە ناو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی تێکدان و بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حەوزەی عیلمییە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە، ئارمان مەعریفەتی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد و خەڵکی قوروە بە ناوەکانی “مێهرداد محەممەدی‌نیا و ئەشکان مالیکی” دادگایی کرابوو، سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە جۆزەردانی ئەمساڵدا جێبەجێ کرا و ئارمان مەعریفەتیش هەر لەو مانگەدا لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار گوازرایەوە کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی کرێکاریی دەکرد و باوکی دوو منداڵی ساوایە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*