دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: مەتین ڕەسووڵی و ئەیووب هەمزە‌ بەگم‌قەڵا، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، پاش نزیکەی یەکمانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٢١ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” مەتین ڕەسووڵی و ئەیووب هەمزە بەگم‌قەڵا، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری پیرانشار، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ۱مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان، لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ئازاد کراون.
سەبارەت بە بڕی بارمتەی دانراو بۆ ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، سەرچاوەکانی خۆڕاگری ڕایانگەیاندووە کە، بۆ ئازادکردنی مەتین ڕەسووڵی بڕی یەک ملیارد و نیو تمەن و بۆ ئازادکردنی ئەیووب هەمزە بەگم‌قەڵا بڕی دوو ملیارد تمەن وەک بارمتە دانراوە کە بەشێوەی کاتیی و تا کاتی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کراون و هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی مانگی گەلاوێژدا دەسبەسەر کرابوون و لەو ماوەیەدا لە بەندیخانە نەغەدە ڕاگیرابوون، هەتا دواجار لە کۆتایی مانگی خەرماناندا بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*