خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەر ئەمیر خالیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروەدا سەپاند.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٦ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۷ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمیر خالیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە، کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی «محەممەدحوسێن بیگدەلوو»، سزای چوار ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە لە دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە قوروە بە سەرۆکایەتیی قازی «هادی خانی» بەڕێوەچوو، سزای یەک ساڵ بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان، بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، کەوتبووە بەر لێدان و ئەشکەنجەی توندی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هەروەها پێشتریش لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییشدا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.
جێی ئاماژەیە کە، سەپاندنی ئەم سزایانە لە چوارچێوەی گوشار و سەرکوتکردنی بەردەوامی بەشداربووانی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.

Be the first to comment