دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلامدا سەپاند

خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ، میلاد ناسریان، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلامی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، بە ١١ مانگ بەندکردنی تەعزیزی مەحکووم کرد.
ڕۆژی شەممە، ۹ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ هەتاوی “۳۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: میلاد ناسریان، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری ورمێ دەسبەسەر کرابوو، پاش تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دەرچوونی سزاکەی، ئێستا لە بەندی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و خەریکی تێپەڕاندنی سزای ۱۱مانگ بەندکردنە کە بەسەریدا سەپێندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕی خۆڕاگری ڕایگەیاندووە؛ ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کەوتووەتە ژێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی لە بەندیخانە بووە، چارەنووسی بە نادیاری مابووەوە و لە مافەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دۆخی دادپەروەرانەی دادگایی‌کردن بێبەش بووە، تا ئەوەی لەم دواییانەدا سزاکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*