هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بەناوی ئەفشین عەزیزی، بۆ تێپەڕاندنی سزای سێ ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ڕۆژی شەممە، ۹ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۳۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەزبەری ئەمشاڵ، ئەفشین عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی مەرگەوڕەی سەربە شاری ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێ ساڵ بەندکردن، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
پێشتر و لە هاوینی ١٤٠٥دا، لقی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، سزای سێ ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەر ناوبراودا سەپاندرا و هەروەها پێشتر لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا، بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژ لە دۆخێکی نادیار و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*