خۆڕاگری: دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە کامیاران، سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی بڕی ٤٠٠ ملیۆن تمەن پارەی بەسەر میلاد ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۷ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۹ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: میلاد ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویدا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بریندار کرا و دواتر دەسبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، لە لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیم لە کامیاران، سزای یەکساڵ بەندکردن و ٤۰۰ملیۆن تمەنی پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی دادگاییەکەی ناوبرا لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو و سزای کۆتایی لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونی و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا ڕووبەڕووی گوشاری جۆراوجۆر بووەتەوە و سزای دەرکراویش لە چوارچێوەی ئەو گوشارانەدا هەڵسەنگێندراوە.

Be the first to comment