خۆڕاگری: کەیوان ڕەسووڵیئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، پاش بانگکردنی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم، دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ۲ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۴ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ی زایینی”، کەیوان ڕەسووڵیئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لە ئاکامی وەرگرتنی ڕاگەیەندراوەیەکی قەزایی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، خۆی ڕادەستی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە شنۆ کرد و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازراوەتەوە.
ناوبراو فەرمانبەری پێشووی شارەوانی شنۆ بووە و پێشەر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “عەلی ئەنساری” بە تۆمەتی ئەمنی وەکوو ناردنی زانیاری بۆ میدیاکانی دەرەوەی ئێران، سزای ۲ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها لە ڕێکەوتی ۱۱ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو (۲ی دێسەمبەری ۲۰۲۵)، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕکردنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment