خۆڕاگری: کەیوان ئەشتاب،پەرەستار لە یەکێک لە نەخؤشخانەکانی شاری مەهاباد، کە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٩مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا بوو بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری مەهاباد کرا.
بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئەم هاووڵاتییە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بە وەرگرتنی ئاگادارینامەیەک بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن، بانگهێشتی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد کرابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش سەردانیکردنی دادگا، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.
کەیوان ئاشتاب لە زستانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو پاش چەند هەفتە دەستبەسەری و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازرایەوە و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «کردەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٩ مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا.
