‌دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: نازەنین حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی پیرانشار، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵ ماپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۲٥ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٦ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” نازەنین حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شیناوێ”ـی سەربە شاری پیرانشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونەوە بان کراوە بۆ ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە و کە گەیشتووەتە ئەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتەوە بەبێ ڕوونکردنەوەی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە تۆمەتی بێبنەما دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی  لەبەردەست نییە و هەروەها نازەنین دایکی دوو منداڵە و بەرپرسایەتیی ژیانی خێزانەکەی لە ئەستۆ دایە و دەسبەسەرکردنی لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری ئەندامانی بنەماڵەکەی تووشی نەخۆشیی قورس بوون و تەواوی ئەرکی بەخێوکردن و ڕاگرتنی ئەوان لەسەر شانی ئەو بووە. جێی ئاماژەیە کە، هاوسەری ناوبراو ماوەی چەند ساڵە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و بوونی گرێ لە مێشکیدا، بەشێکی جەستەی لەکار کەوتووە و  خەزووری ناوبراو تووشبووی نەخۆشیی شەکرەیە و خەسووی بەهۆی پچڕانی بڕبڕەی پشتەوە، ساڵانێکە لەسەر جێگادایە و هەروەها بنەماڵەی نازەنین حوسێن‌پوور لە تێکۆشەرانی دێرینی سیاسیی کوردستانن کە لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵات دەژین و دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە لەکاتێکدایە کە هیچ تۆمەتێکی ڕوونی ئاراستە نەکراوە و ئەم کارە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک گوشارێکی دەروونی و تۆڵەسەندنەوە لە بنەماڵە سیاسییەکان وەسف دەکرێت.
بە دەسبەسەرکردنی ئەم ژنە، چارەنووسی دوو منداڵەکەی و سێ نەخۆشی ئەم بنەماڵەیە ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار و مەترسیدار بوونەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*