پەیامی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی

٣٠ ئۆکتۆبەرڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی، دەرفەتێکە بۆ تاوتوێکردنی ئازار و خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسی، ئەو کەسانەی کە بە تاوانی بیرکردنەوە، مافخوازی و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆیی، دیوارە بەرزەکانی زیندانیان کردووەتە سەنگەری بەرگری. لەم نێوانەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پشکی شێریان لە ژمارەی بەندکراوانی سیاسی و ئێعدام و بەندکردنی درێژ ماوە بەردەکەوێت، یەکێک لە دژوارترین سەردەمەکانی خۆی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤ لە جوغرافیای ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەزموون دەکات.
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی مرۆڤایەتیدا، تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتایییەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، هەمیشە لە پێشەنگی بیری ئازادیخوازان و ڕووناکبیراندا بووە. لەم نێوانەدا، دوو پرسی ئازادی و دادپەروەری، جێگەی بایەخن. ئازادکردنی بێمەرجی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای سێدارە.
ئەو کەسانەی لە پێناوی باوەڕ و بیروڕای سیاسیی خۆیاندا، ئازادییان لێ زەوت دەکرێت و ڕووبەڕووی دیوارە بڵیندەکانی زیندان دەبنەوە، لە ڕاستیدا قوربانیی پەرچەکردارە نادیموکراتییەکانن. بەندکردنی مرۆڤ بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازەوە، نیشانەی لاوازیی ئەو سیستمەیە کە ناتوانێت لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی فیکرییەوە وڵامی ڕەخنەکان بداتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران نامۆیە لەگەڵ ئەو بنەما و پرنسیپانە.
ئەوەی جێگای سەرنجە سزای سێدارە، بە هەر پاساوێک بێت، لە بنەڕەتدا شکاندنی شکۆی مرۆڤە. هیچ دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە ژیانێک بستێنێتەوە کە نەیتوانیوە بەرهەمی بهێنێت. سێدارە نەک هەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێت.
ئاماری ترسناکی لەسێدارەدانی زیاتر لە ٥٠ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی، نیشانەی ڕەوتێکە کە چالاکانی مافی مرۆڤ بە “ماشێنی کوشتار کۆماری ئیسلامی ئێران” ناوی دەبەن. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگە نێونەتەوەییەکان جەخت لەسەر مافی ژیان وەک بنەڕەتیترین مافی مرۆیی دەکەنەوە، لە ئێران، سزای سێدارە بووەتە ئامرازێک بۆ ترساندن و مانەوەی دەسەڵات. دۆسیە دروستکراوەکان بۆ ناڕازییانی ساڵانی ڕابردوو و بەندکراوانی سیاسی، نیشاندەری ئەوەیە کە دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی ئەم خاکە، چاوەڕێی سزای نامرۆڤانەی ئێعدام دەکەن.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانی زیندانیانی سیاسی وێڕای ئەوەی داوای بێمەرج ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و ڕاگرتن و هەڵوەشانەوەی سزای نامرۆڤانەی سێدارە دەکەین داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناوندەکانی بریار لە جیهان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بێمافیی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران بێدەنگ نەبن و پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکەن و تێچووی ئەو پێشێلکارییانە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببەنە سەرەوە.
بێدەنگی بەرانبەر بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قبوڵکراو نییە و پێویستە میکانیزمە دادوەرییە نێونەتەوەییەکان بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەو تاوانانە چالاک بکرێن.
لە کۆتاییدا، دەنگی بەندکراوانی سیاسی، دەنگی  ئەو ویژدانە زیندووانەیە لە زیندانە تاریکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە دوای تیشکی ئازادیدا دەگەرێن. بەدیهاتنی دادپەروەری، نەک بە بێدەنگی، بەڵکوو بە بەردەوامیی گوشاری ڕای گشتی و هەنگاوی یاسایی و جیددی دێتە دی. دڵنیاین لەوە کە تا بەندکراوی سیاسی لە زینداندا بێت، خەبات بۆ مافی ژیان و ئازادی بەردەوام دەبێت.
بژی ئازادی و دادپەروەری
نا بۆ سێدارە، بەڵی بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ی زاینیی
٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*