خۆڕاگری: چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “زەینەب جەلالیان، وریشە مرادی، سەکینە پەروانە و موتەلیب ئەحمەدیان”، کە لە ئێستادا لە بەندیخانەکانی ئێڤین و یەزد ڕاگیراون، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕایانگەیاند کە وەک پاڵپشتی لە بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ۲٥ی خەرمانان لە کوردستان، مان لە خواردن دەگرن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٦ی زایینی) لە هەموو شارەکانی کوردستان بەبۆنەی ۲٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتی ڕاگەیەندراوە و زەینەب جەلالیان، وریشە مرادی، سەکینە پەروانە و موتەلیب ئەحمەدیان، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە مانگرتن لە خواردن بە مەدەنیترین شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی دەزانن و ئامانجی خۆیان لەم هەنگاوە، بەشداریکردن و پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتیی کوردستان ڕاگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە سەرەڕای دۆخی دژواری بەندیخانە و ئەو گوشارانەی لەسەریانە، سوورن لەسەر ئەوەی بەم شێوازە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرببڕن و پشتیوانی لە داواکارییە گشتییەکان بکەن.

Be the first to comment