خۆڕاگری: هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرانسەریی بازاڕ و دووکانەکانی شارەکانی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کامێران هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی حیسام عەبدینیا و دەسبەسەریان کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “۱۷ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حیسام عەبدینیا و لەگەڵ هاوسەرەکەی، “ئارەزوو دەشتی” بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و کواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرچاوەکانی خۆڕاگری باس لەوە دەکەن کە ئارەزوو دەشتی، پاش تێپەڕبوونی یەک ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، ئازاد کراوە، بەڵام حیسام عەبدینیا هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کامێران لەژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدا ڕاگیراوە و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی سەرەتایی خۆی، وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و هێشتا هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە.

Be the first to comment