خۆڕاگری: کیانووش چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی دێلوڕان کە بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشی ژینا دەسبەسەر کراوە، ماوەی دوو ڕۆژە لە بەندیخانەی کرمان لە ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە سزای پێنج ساڵ بەندکردنەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۰ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” کیانووش چراغی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دێلوڕان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای بەندکردنەکەی، لە بەندیخانەی شاری کرمان مانی لە خواردن گرتووە و ئەو سزایە لەلایەن لقی هەشتی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلامەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی تووند بەرانبەر بە سزاکەی، ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی بە نادادپەروەرانە وەسف کردووە و وەکوو نیشانەیەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، لە هەرجۆرە خواردنێک خۆی بواردووە و هەروەها لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤یەوە لە بەندیخانە ڕاگیراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە چەند بەندیخانەی جیاوازی پارێزگای ئیلام، لەوانە بەندیخانە ناوەندیی ئیلام و بەندیخانەی «ماهپارە» لە دەڕەشار، ڕاگیراوە.
جێی ئاماژەیە کە، لە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤یشەوە، ناوبراو لە بەندیخانەی دەڕەشارەوە بۆ بەندیخانەی کرمان گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە لەوێ دەسبەسەرە و چاودێران و شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە درێژەکێشانی مانگرتن لە خواردن، مەترسیی جیددی بۆ سەر تەندروستیی جەستەیی ئەو بەندکراوە دروست دەکات و لەم بارەیەوە، بەرپرسانی بەندیخانە ئەرکدارن هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافی زیندانییەکە، دۆخی تەندروستیی ناوبراو بەشێوەی بەردەوام لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بهێڵنەوە و دەستپڕاگەیشتنی بێکۆسپ بۆ پێداویستییە تەندروستییەکان مسۆگەر بکەن.

Be the first to comment