گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بۆکان لە ئانوساتی ٢٥ی گەلاوێژدا؛ دەسبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتی و هەڕەشەی بەرفراوان

خۆڕاگری: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، گوشارەکانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بۆکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و لاوانی ئەو شارە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
ڕۆژی شەممە، ۲٤ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٥ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، شاری بۆکان کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی توند گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و شەو و ڕۆژ گرووپگەلی پێکاهتوو لە چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسداران، جاشە خۆجێییەکان و ئەندامانی بەکرێگیراوی ئیتلاعات بە جلی مەدەنییەوە لە گەڕەک، کۆڵان و شەقامەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە و چاوەدێریی وردی جموجۆڵی هاووڵاتییان دەکەن و لە بەرەبەری ۲٥گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، لانیکەم ١٠ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون و هاوکات زیاتر لە ٨٠ چالاکی مەدەنیی دیکە، لە ڕێگەی تەلەفۆن و کورتەنامەی هەڕەشەئامێزەوە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە ماوەی ئەم مانگەدا لە هەر جۆرە چالاکییەک بێدەنگ بن و خۆیان لە هاتووچۆ و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان بەدوور بگرن.
لە نوێترین ڕووداودا، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ۲٤ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی، لاوێک بە ناوی “زەکەریا باسار” خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باوکی زەکریا، (ئیسماعیل باسار)ـی وەک بارمتە دەسبەسەر کردبوو و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو تا کاتێک کوڕەکەیان خۆی ڕادەست نەکات، باوکی ئازاد ناکەن، لە ئێستادا هەردووکیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە، ئەم جموجۆڵە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ڕێڕیمی ئێران لە ناوچەکە بە ئامانجی پێشگرتن لە هەر جۆرە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی مەدەنی لە ساڵیادی ڕووداوەکان، سیاسەتی تۆقاندن و بێدەنگکردنی خەڵکی بۆکانیان لە ئەولەویەتی کارەکانیان داناوە و ترسی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی‌دەربڕینی خەڵکیان هەیە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*