بێبەشبوونی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و مافە سەرەتاییەکان

خۆڕاگری: حوسێن عوسمانی و بەهرام مەجیدی‌فەڕ، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە دەستپێڕەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانی و پزیشکییە گونجاوەکان و مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراون و بەو هۆکارەوە دۆخی تەندروستییان بەرەو ئاڵۆزی دەچێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی “٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:  حوسێن عوسمانی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە سێزدەهەمین ساڵی سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ تێپەڕ دەکات، بەهۆی تووشبوون بە ئاوی سپی لە چاوی چەپیدا، ڕووبەڕووی کێشەی جیددیی بینین بۆەتەوە، سەرەڕای تێكچوونی باری تەندروستیی، بەرپرسانی بەندیخانە تا ئێستا بە مەبەستی خۆپاراستن لە پێدانی مافە پزیشکییەکان، خۆیان لە ناردنی ناوبراو بۆ ناوەندە درمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بواردووە.

هەروەها، لە لایەکی ترەوە، بەهرام مەجیدی‌فەڕ، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، لە مانگەکانی ڕابردوودا تووشی دابەزینی توندی پەستانی خوێن بووە و سەڕەڕای ڕێنمایی و پێشنیاری دووپاتکراوەی پزیشکانی ناوەندی دەرمانیی بەندیخانەکە لەسەر پێویستیی بەپەلەی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە درماییەکانی دەرەوەی بەندیخانە و پشکنین لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنەوە، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەرپرسانی بەندیخانە تا ئێستا ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی نەداوە و ژیانی ئەم بەندکراوە سیاسییەیان خستووەتە مەترسییەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*