خۆڕاگری: میلاد زەند، لاوی تەمەن ۱۹ساڵانی خەڵکی میاندواو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “٤ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەیهک لە گوندی “برایمئاباد”ـی سەر بە شاری میاندواو و لاوێکی تەمەن ۱۹ساڵانیان بە ناوی میلاد زەند دەسبەسەر کرد و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ هەبوونی هیچ بڕیارێکی قەزایی چوونەتە نێو ماڵی ناوبراو و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی کردووە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا، هێزە سەرکوتکەرەکان دەستیان کردووە بە لێدان و سووکایەتیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، چارەنووسی میلاد زەند بە نادیاری ماوەتەوە و هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان بە کەسوکارەکەی نەداوە و هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هێشتا بێدەنگیی دەزگا سەرکوتکەرەکان لەسەر دۆسیەی ئەم لاوە نۆزدە ساڵانە درێژەی هەیە و نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و سەلامەتیی ناوبراو لەژێر لێکۆڵینەوەدا زیاتر بووە.

Be the first to comment