خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی کامێرانیان بەناوی سیروان حەبیبی، دەسبەسەر کردووە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٦ی زایینی)، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران گەڕەکی «بێعسەت»ـی شاری کامێرانیان گەمارۆ دا و پاش نیوەشەو، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ١٨ی خەرمانان، کەوتنە شوێن سیروان حەبیبی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کە بە ماتۆرسیکلێتێک تێپەڕ دەبوو و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کرد و ڕفاندوویانە ۆ شوێنێکی نادیار.
شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلێکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە مەبەست و بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی بە ماتۆرسیکلێتەکەی ناوبراودا کێشاوە و دەکەوێتە سەر زەوی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەریان کردووە و لەو ساتەدا و بەهۆی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی خەڵکی ناوچەکە، هێزەکان بۆ بڵاوەپێکردنی هاووڵاتیان دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە.
جێی ئاماژەیە کە، سیروان حەبیبی دوای دەسبەسەرکردنی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕەتیان کردووەتەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی بدەن بە کەسوکارەکەی.

Be the first to comment