ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتێکدا داوای پشتیوانیی بەپەلەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ ڕزگارکردنی جەواد مەجیدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە دەکات کە ئێستا لە کەمپی دیپۆرتکردنەوەی تورکیادا ڕاگیراوە.
جەواد مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە کە پێشتر چەندین جار لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە، بە هۆی بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا ناچار بووە خاکەکەی بەجێ بهێڵێت و لە ساڵی ٢٠١٨دا ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە دەسبەسەر بووە و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام دادگای ئینقلابی ڕێڕیم، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاندووە.
ناوبراو لە ئێستادا لە دۆخێکی نالەباردا لە کەمپێکی تورکیە ڕاگیراوە و مەترسیی ئەوە هەیە بە زۆرەملێ بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە و دۆخێک کە بە ڕای چالاکانی مافی مرۆڤ، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر گیانی ئەو چالاکە مەدەنییە دروست دەکات.
لەبەر ئەوەی جەواد مەجیدی لە کەمپەکەدا دەستی بە کەرەستەکانی پەیوەندیکردن ناگات، گرووپێک لە چالاکانی سیاسی و ژینگەپارێزی نزیک لە ناوبراو، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە ئەم داواکارییەیان بڵاو کردووەتەوە و ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی سێبەرە ئەمنییەکانی سەر ناوبراو لە ئێران، هەر چەشنە هەوڵێکی نێونەتەوەیی بۆ پێشگرتن بە دیپۆرتکردنەوەی، هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ پاراستنی ژیانی ناوبراو.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خۆیان لە زیندانەکانی ئێران، داوا لە سەرجەم ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەکات دەستبەجێ دەستێوەردان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ئێران بگیرێت و مافی پەنابەرێتیی پارێزراوی پێ ببەخشرێت.

Be the first to comment