خۆڕاگری: تارا (تاهیره) ڕەحیمی، پەنابەری سیاسیی خەڵکی کرماشان کە زیاتر لە ۲۰ڕۆژە لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە دەسبەسەر کراوە، دوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە کەمپەکانی نیشتەجێکردنی کاتیی تورکیە لە نزیک سنووری ئێران، لەگەڵ مەترسیی دیپۆرتکردنەوە و ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران بەرەوڕوویە.
ڕۆژی چوارشەممە، ۲۷ی خەزەڵوەی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٨ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: تارا ڕەحیمی، پەنابەری سیاسیی خەڵکی شاری کرماشان لە کەمپی «ئاگری»ـی پارێزگای ئاگریی تورکیە ڕاگیراوە و مەترسیی جیددیی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە و ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکییەوە دەسبەسەر کراوە و دوای دەسبەسەرکردن بۆ کەمپی ئەدیرنە گوازرایەوە و لەوێ ڕاگیرابوو و دوای حەفتەیەک، بۆ کەمپی پەهلەوانکۆی گوازرایەوە و دواتر ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران، لەم کەمپەوە بۆ کەمپی ئاگری لە پارێزگای ئاگری و لە نزیک سنووری ئێران گوازراوەتەوە.
ئەم پەنابەرە بەهۆی پێشینەی چالاکیی سیاسییەوە، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران، لەگەڵ مەترسیی دەرچوونی سزای قورس و نامرۆڤانە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
تارا ڕەحیمی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەک چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئارام، هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە.

Be the first to comment