خۆڕاگری: ئارمان مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەلایەن ڕێژیمەوە بەبێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ئارمان مەرانی، خاوەن پێداویستیی تایبەت و هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە بانگ کرا، هەرلەوێ دەستبەجێ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و پاش سێ ڕۆژ بێسەروشوێنبوون، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە پشتڕاست کردووەتەوە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی سەرەتایی خۆی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری بێبەری کراوە و دۆخی تەندروستیی نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.
جێی ئاماژەیە کە ئارمان تووشبووی نەخۆشیی «ئێم ئێس» (MS)ـە و لە پێیدا پلاتین هەیە، کە ئەمە دەستەبەرنەکردنی چاودێریی پزیشکی لە ژینگەی بەندیخانەدا دەکاتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر تەندروستییەکەی و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە، چۆنیەتیی پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی ناوبراو لەگەڵ خوشکەکەی، کاریگەرییەکی دەروونیی قووڵی دروست کردووە کە بە شێوازێک ماڵئاوایی لە بنەماڵەکەی کردووە گومانی ئەوە لای کەسوکاری دروست بووە لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

Be the first to comment