تەیفوور سەلیمی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تاوتوێ کرد

خۆڕاگری: ڕۆژی دووشەممە، ۲٥ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ی زایینی” تەیفوور سەلیمی، ئەندامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەڕێز مای ساتۆ، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، دۆخی پێشێلکارییەکان و ڕەوشی بەندکراوانی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، تەیفوور سەلیمی کە خۆی بەندکراوی سیاسیی پێشووی ژێر سزای لەسێدارەدانە، بە وردی ڕەوشتی چالاکییەکان و ئامانجەکانی ئەنجومەنەکەی بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوون کردەوە و ئامارێکی وردی لەبارەی گیراوان، سزادراوان و ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەسێدارە دراون، پێشکەش بە بەڕێز مای ساتۆ کرد.
سەلیمی وەکوو شایەتحاڵێک، بە چڕی تیشکی خستە سەر شێوازە نامرۆییەکانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ساتەوەختی دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێسەروشوێنکردنی زیندانییانەوە تا گەیشتن بە سەپاندنی سزای سێدارە. ناوبراو لەو چوارچێوەیەدا، بە وردی باسی لە پرۆسەی دۆسیەی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە کرد کە لەسێدارە دراون، لەوانە: حەمید حوسێن‌نژاد، مێحراب عەبدوڵڵازادە، ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئاڵی، ناسر بەکرزادە و ڕەسووڵ سەددام (هاووڵاتیی باشووری کوردستان) و هەروەها لە بەرانبەردا، بەڕێز مای ساتۆ نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ڕێژەی بەرزی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران، بە تایبەت نەتەوەی کورد، دەربڕی. بەڕێز ساتۆ هەبوونی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە کارێکی گرنگ بۆ بەدواداچوون و ڕووماڵکردنی ڕاستییەکانی پێشێلکارییەکان وەسف کرد و پرسیاری لەسەر واتا و ناوەڕۆکی وشەی “خۆڕاگری” کرد کە دروشم و زمانحاڵی ئەنجومەنەکەیە.
لە تەوەری کۆتایی وتوووێژەکەدا، تەیفوور سەلیمی باسی لە پێشێلکارییەکی دیکەی سیستەماتیک کرد کە بریتین لە سەرکوتکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، وەک پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو جلانە لەبەر دەکەن کە هێمای شوناسی نەتەوەیی کوردن، ڕۆژانە دەیان کەس ڕووبەڕووی لێپرسینەوە، دادگایی و سزا دەکرێنەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*