ناڕوونی چارەنووسی لاوێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە پاش حەفتەیەک

خۆڕاگری: بە تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەردار ڕامین، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی نەغەدە، هێشتا شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ هەتاوی “۲۷ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ ڕوویداوە، کە دەکاتە ڕێکەوتی ۲۷ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ (١٨ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی) سەردار ڕامین، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “قاڕنێ”ـی سەربە شاری نەغەدە و بەندکرای سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە و و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر دەسبەسەربوونی، تائێستا چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو پێشتری لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، ئەو کات دوای ٦٩ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریسی پاسدارانی ڕێژیم لە ورمێ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو و هەروەها لەم حەوت ڕۆژەی ڕابردوودا، دەزگا سەرکوتکەر و قەزاییەکانی ڕێژیم ئامادە نین هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکانی بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا بکەن.
سەرەڕای بەدواداچوونەکان، سەردار ڕامین تا ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسوکاری و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری بێبەش کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*