خۆڕاگری: فواد قادری، پەرستاری خەڵکی جوانڕۆ ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلاین هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و دوای ئەشکەنجەدانی، لە دۆخێکی نالەباری تەندروستیدا، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان.
ڕۆژی یەکشەممە، ۵ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۷ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: فواد قادری، پەرستاری خەڵکی شاری جوانڕۆ و نیشتەجێی شاری سنە، پاش تێپەڕاندنی چەند ڕۆژ دەسبەسەربوون لە گرتنگەکانی ڕێژیم، دوای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر کە پەراسووی شکاوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای شاری کرماشان و چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بووە، کە بەو هۆیەوە چەند پەراسوویەکی شکاوە و سەرەڕای ئەم برینە قووڵە جەستەییانە، بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕێگەیان نەداوە بگەیەندرێتە ناوەندە تەندروستییەکان و لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
شایانی باسە کە، فواد قادری، خەڵکی گوندی “سەرڕۆ”ـی سەر بە شاری جوانڕۆیە و نیشتەجێی شاری سنەیە، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە ڕێگەی نێوان ڕەوانسەر بۆ کامێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و دوای دەسبەسەرکردنیشی هێزه سەرکوتکەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەشیان و دوای پشکنینی وردی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەرەستە و کەلوپەلی تایبەتییدا گرتووە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بۆ ئەم پەرستارە لە بەردەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە ئاستێکی بەرزدان.

Be the first to comment