هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: محەممەد لوتفی‌فەر، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ و پێنج مانگ بەندکردنی تەعزیری، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۳۰ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەد لوتفی‌فەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پاش ئەوەی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی کە ٥ساڵ و ٥مانگ بەندکردنە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد کراوە.
سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو، پێشتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم مەهاباد دەسبەسەریان کردبوو و پاشان بۆ گرتنگەی ئیتلاعات لە ورمێ گوازرایەوە و دوای تێپەڕاندنی چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرابوو.
جێی ئاماژەیە کە، محەممەد لوتفی‌فەر پاش چەند مانگ مانەوە لە بەندیخانە، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو و هەروەها لەم ڕۆژانەدا بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکەی بەسەردا سەپێنرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*