لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ناڕازیی ئاودانان ژمارەی دەسبەسەر کراوان گەیشتە چواردە کەس

خۆڕاگری: بە دەسبەسەرکردنی حەمیدڕەزا شامحەممەدی، سەید هەمزە هاشمی، حوسێن عەلیزادە و محەمەدحوسێن کاویانی لەلایەن ڕێڕیمەوە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی ئاودانان گەیشتە ١٤ کەس.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” دواینیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۱ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری حەمیدڕەزا شامحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئاودانان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لە هەمان کاتدا، لە درێژەی کردەوەکانیاندا لە شەقامێکدا، سەید حەمزە هاشمی لە کاسبکارانی شارەکە بەهەمانشێوە دەسبەسەر کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە درێژەی بەدواداچوونەکان بۆ ئاشکراکردنی ناوی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، ناسنامەی دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی حوسێن عەلیزادە و محەمەدحوسێن کاویانی پشتڕاست کرایەوە و بەوەش سەرجەم ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئاودانان تا ئێستا گەیشتووەتە چواردە کەس.
ئەم دەسبەسەرکردنانە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئاودانان لە ناڕەزایەتیدان بەرانبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە ئاست دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکار و ئەندازیاری خەڵکی ئەو شارۆچکەیە لە ڕووداوێکی وەرگەڕانی پاسدا و هەروەها ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ سەرکوتی توند و دەسبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕووبەڕوو بووەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانەی دەسبەسەر کراون نادیارە و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*